سەردێڕ:

ئاماری گیانلەدەستدان لە غەززە ٤٣ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:04:02:05/11/2024

1212 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و غەززە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس و ژمارەی برینداربوونیش بۆ زیاتر لە ١٠٢ هەزار کەس بەرز بووەتەوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە، تا دێت ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوون بەرزتر دەبێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تا ئێستا ٤٣ هەزار و ٣٩١ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و ١٠٢ هەزار و ٣٤٧ کەسی دیکەش بریندار بوون.

باس لەوەش کراوە، جگە لە بەرزبوونەوەی ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوون، هێشتا ژمارەیەک تەرم لەژێر داروپەردوی باڵەخانە رووخاوەکاندا ماون و دەرنەهێندراونەتەوە. 

دوێنێش، چاوگێک لە تەندروستی فەڵەستینەوە بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، ئیسرائیل رێگری کردووە لە گەشتنی سێ هەزار و ٨٠٠ بارهەڵگری هاوکاری و بەهۆی نەگەشتنی ئەو هاوکارییانەوە ٤٠٠ هەزار فەڵەستینی لە برسێتیدا دەژین.

ئەوەشی خستە روو، ئیسرائیل لە باکووری غەززە ئەو فەڵەستینیانە بە ئامانج دەگرێت کە نایانەوێت ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بۆردوومانی نەخۆشخانە و ژێرخانی ناوچەکە دەکات.

جەنگی غەززە لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە سەری هەڵداوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە، جەنگەکە دوای ئەوە دروستبوو کە بزوتنەوەی حەماس بە پێنج هەزار مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و لەو کاتەوە بڵێسەی ئاگری جەنگی نێوانیان پەرە دەسەنێت.

لە جەنگی غەززەدا سەرەڕای هەموو زیانەکانی؛ دۆخی تەندروستی لە وڵاتەکەدا بە جۆرێک خراپە، چەندین نەخۆشی و بەتایبەتیش نەخۆشی پێست بڵاوبوونەتەوە و منداڵانیش قوربانی یەکەمی جەنگەکەن.

سەرەڕای هۆشداری وڵاتان و هەوڵەکانیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و راگرتنی جەنگ، بەڵام هێشتا هیچ ئومێدێک بە راگرتنی جەنگ نییە و هێرشەکانی ئیسرائیل پەلی هاویشتووە بۆ لوبنان و سوریا و ئیرانیش.













گەلەری