سەردێڕ:

لە سلێمانی چەکدارێکی سەر بە هێزێکی یەکێتی کەسێکی کوشت

PM:02:59:28/10/2024

38348 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، چەکدارێکی سەر بە هێزێکی یەکێتی لە سلێمانی تەقەی لە کەسێک کردووە و کوشتوویەتی. کەسوکاری کوژراوەکەش ئاماژە بەوە دەکەن، کوڕەکەیان گەڵابەی پێ بووە و لە شوێنێک ویستوویەتی خۆڵ بڕێژێت، بەڵام ئەو چەکدارەی یەکێتی تەقەی لێ کردووە و کوشتوویەتی.


کەسوکاری ئەو کەسەی کە چەکدارەکەی یەکێتی کوشتوویەتی باسیان لەوە کرد، کوڕەکەیان شۆفێری گەڵابە بووە و ویستوویەتی خۆڵ و خاشاکی خانوویەک لە شوێنێک لە نزیک گەڕەکی شێرکوژ لە سلێمانی بڕێژێت و ئەو شوێنە تایبەت بووە بە فڕێدانی خۆڵ و خاشاک.

ئەوەشیان خستە روو، لەوکاتەدا ئەو چەکدارەی یەکێتی بەردێکی گرتووەتە بارهەڵگرەکەی و بەوهۆیەوە دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا درووست بووە.

وتیشیان، کوڕەکەیان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا بووە، ئەو چەکدارەی یەکێتی تەقەی لێ کردوون و بەهۆیەوە کوڕەکەیان گولـلەیەک بەر سنگی کەوتووە و گیانی لەدەستداوە، لە ئێستاشدا چەکدارەکەی یەکێتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەو هاوڵاتییەی کە لەلایەن چەکدارەکەی یەکێتییەوە کوژراوە، ناوی (س.ح.س)ـە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ـە و خاوەنی پێنج منداڵە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەمساڵدا چەندین رووداوی هاوشێوە لە سلێمانی روویانداوە، فەرماندەیەکی هێزێکی تایبەتی یەکێتی مێردمنداڵێکی لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی کوشت، شەوی ٢٧ـی تەمموزیش، چەکدارێکی دیکەی هەمان هێز، تەقەی لە کاسبکارێک بەناوی (ئاری چایچی) کرد و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
چۆمان مەحمود - سلێمانی













گەلەری

‌بەپەلە