سەردێڕ:

بەراورد بە دوێنی؛ نرخی نەوت دوو دۆلار بەرزبووەتەوە

AM:08:06:11/10/2024

1356 جار خوێندراوەتەوە

دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کرد، لە ئێستاشدا نرخی ئەو زێڕە رەشە ناجێگیرە و رۆژانە گۆڕانی نرخەکەی لەنێوان دوو بۆ سێ دۆلاردایە.


ئەمڕۆ هەینی، بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٩ دۆلار و ٢٣ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی دوو دۆلار و یەک سەنت بەرزبووەتەوە.

هاوکات، یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٥ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو چاوگی نێو رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە بڵاوی کردەوە، رێکخراوەکە دەیەوێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێکخراوەکە لە کۆتایی ئەمساڵ دەست دەکات بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتەی کە لە ئێستادا هەیەتی.

لە ماوەی رابردوودا، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی پێنج ملیۆن و ٨٦ هەزار بەرمیل کەم کردەوە و ئەو کەمکردنەوەیە تاوەکو کانونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دواتر بەرهەمهێنانی ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکەن.














گەلەری