سەردێڕ:

عێراق: رۆژانە نزیکەی هەزار تۆن سووتەمەنیی فڕۆکە هەناردە دەکەین

PM:06:05:08/10/2024

1548 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاندووە، هەناردەکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە لە بەندەرەکانی عێراقەوە بۆ دەرەوە دەستی پێکردووە و رۆژانە نزیکەی هەزار تۆن هەناردە دەکرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، حەمید یونس یاریدەدەری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن لە وەزارەتی نەوت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، پڕۆسەی هەناردەکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە لە بەندەرەکانی عێراقەوە دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، رۆژانە ٨٠٠ بۆ هەزار تۆن لەو سووتەمەنییە بە کوالێتییەکی بەرز و بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقەوە هەناردە دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، ئامانج لەم هەنگاوە بەرزکردنەوەی رۆڵی عێراقە لەنێو وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و هەناردەکردنی وەرگیراوەکانی لە جیهاندا و پاڵپشتیکردنی ئابوورییەکەی، هاوکات بەرەوپێشبردنی پیشەسازیی نەوتە لە وڵاتەکەدا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆتایی مانگی نۆدا، کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاند، یەدەگی ستراتیژی بەرهەمە نەوتییەکان لە ماوەی ئەمساڵدا گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن لیتر. وتیشی، " لە پلانماندایە سووتەمەنیی فڕۆکە هەناردەی دەرەوە بکەین".













گەلەری