سەردێڕ:

بانکی ناوەندی: لەمەودوا حەواڵەی دەرەکی بۆ تورکیا بە دراوی یۆرۆ دەبێت

PM:05:20:03/10/2024

1284 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، بۆ یەکەمجار و بەگوێرەی میکانیزمێکی نوێ لەمەودوا حەواڵەی دەرەکی لە عێراقەوە بۆ بانکەکانی تورکیا لەبری دۆلار بە دراوی یۆرۆ ئەنجام دەدرێت. دەشڵێت، "ئەم هەنگاوە پڕۆسەی حەواڵە بۆ بانکەکانی تورکیا خێراتر و ئاسانتر دەکات".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئانێڵ بۆرای باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە سەروبەندی جێبەجێکردنی میکانیزمێکی دیکە، لەومەدوا حەواڵەی دەرەکی بۆ بانکەکانی تورکیا لەڕێگەی دراوی یۆرۆوە ئەنجام دەدرێت.

باسی لەوەش کرد، هەوڵی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی میکانیزمە نوێیەکە دەدرێت تاوەکو پڕۆسەکە بە سەرکەوتوویی و بەبێ گرفت جێبەجێ بکرێت.

ئەوەشی خستە روو، نوێنەرانی بانکەکان ئامادەیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی میکانیزمەکە و دابینکردنی پێداویستییە رێکخراوەیی و چاودێرییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای وردبینی نێودەوڵەتی دەربڕیوە.

لای خۆشییەوە، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق ستایشی ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی بۆ گۆڕانکاریکردن لە پڕۆسەی حەواڵەی دەرەکی بۆ تورکیا کرد و باسی لەوە کرد، لە هەماهەنگی تەواودا دەبن لەگەڵ بانکی ناوەندی و بانکە مۆڵەتپێدراوەکان بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەکە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکارى دارایی سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، بانکی ناوەندی رێگاى ورد دەگرێتەبەر بۆ مامەڵەى بانکەکانى عێراق لەگەڵ بانکەکانى جیهان. وتیشی، عێراق جگە لە یوانى چینى و درهەمى ئیمارات و روپیەى هندى، یۆرۆ و پاوەنیش بۆ بازرگانیی جیهانى بەکاردەهێنێت.


 













گەلەری