سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا

AM:08:20:03/10/2024

1148 جار خوێندراوەتەوە

دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە بەرزبوونەوە کرد، لە ئێستاشدا نرخی ئەو زێڕە رەشە تا رادەیەک بە جێگیری ماوەتەوە و بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٤ دۆلار و ٧٣ سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت، ئەوەش بەراورد بە پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، سێ دۆلار لە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧١ دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، نرخەکەی بەرز بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو چاوگی نێو رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە بڵاوی کردەوە، رێکخراوەکە دەیەوێت بەردەوام بێت لە سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت تا کۆتایی ئەمساڵ.

ئاماژە بەوەش کراوە، رێکخراوەکە لە کۆتایی ئەمساڵ دەست دەکات بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتەی کە لە ئێستادا هەیەتی.

لە ماوەی رابردوودا، رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رۆژانە بەرهەمهێنانی نەوتی بە بڕی پێنج ملیۆن و ٨٦ هەزار بەرمیل کەم کردەوە و ئەو کەمکردنەوەیە تاوەکو کانونی یەکەمی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت، دواتر بەرهەمهێنانی ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکەن.













گەلەری