سەردێڕ:

بایدن بۆ وڵاتانى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست: خۆتان له‌ شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ریی بەدوور بگرن

AM:09:16:30/09/2024

2384 جار خوێندراوەتەوە

سه‌رۆكی ئه‌مریكا داوادەکات، وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دوور بكه‌ونه‌وه‌ له‌ شه‌ڕێكی سه‌رتاسه‌ری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.


جۆ بایدن له‌ وتارێكدا له‌ كۆشكی سپی رایگه‌یاند، "ده‌بێت وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌ شه‌ڕی سه‌رتاسه‌ری له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوور بكه‌ونه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل قسه‌ دەکەم و هه‌وڵه‌كانم ده‌خاته‌گه‌ڕ بۆئه‌وه‌ی گرژیه‌كانی ناوچه‌كه‌ زیاتر نه‌بن".

وتیشی، ئه‌مریكا پاڵپشتی ته‌واو له ‌ئاسایش و سەقامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به‌تایبه‌تیش ئیسرائیل ده‌كات.

ئەوە لەکاتێکدایە، دوای کوژرانى ئه‌مینداری گشتی حزبوڵای لوبنان مه‌ترسی و گرژییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیاتر بوون و ئیسرائیلیش به‌رده‌وامه‌ له‌ بۆردومانكردنی ناوچه‌ جیاجیاكانی باشوری لوبنان. هاوکات، هەڕەشەى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى زەمینیش دەکات لە باشورى ئەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە، به‌هۆی بۆردومانی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل بۆسه‌ر دوو به‌نده‌ر و دوو وێستگه‌ی كاره‌با له‌ پارێزگای حوده‌یده‌ كه‌ له‌لایه‌ن حوسییه‌كانه‌وه‌ له‌ رۆژئاوای یه‌مه‌ن كۆنتڕۆڵكراوه‌، چوار كه‌س كوژراون و ٣٣ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.













گەلەری