سەردێڕ:

سەرەڕای داهاتی ناوخۆ؛ نزیک دەبینەوە لە مانگی ١٠ و هێشتا لیستی مووچەی مانگی ٨ رانەگەیەنراوە

AM:10:06:29/09/2024

8152 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆ و زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بەغدای لەبەردەستدایە، بەڵام هێشتا لیستی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی رانەگەیاندووە.


سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی ناوخۆی هەرێم و زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری لەبەردەستدایە بۆ مووچەی مانگی هەشت، بەڵام ئامادە نییە لیستی مووچە رابگەیەنێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکات، سەرەڕای ئەوەی دەتوانێت تەنها لە داهاتی ناوخۆ دوو مووچە دابەشبکات.

پێشتر ئێن ئاڕ تی ئەوەی ئاشکرا کرد، کە پارتی و یەکێتی رێککەوتنیان کردووە تا دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت بخەنە سەرەتای مانگی ١٠ و وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنن.

لە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەدا، بەغدا ٥٧٢ ملیار دیناری وەک تەواوکاری مووچە بۆ مانگەکانی حەوت و هەشتی مووچەخۆران خستە سەر هەژماری بانکی هەرێم.

لەلایەکی دیکەوە، لە ٢٧ی مانگی رابردوودا بەغدا ٥٥٠ ملیار دیناری وەک پارەی مووچەی مانگی هەشت خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر.

مووچەخۆرانی هەرێم دوو رۆژی دیکە دەچنە ناو مانگی ١٠ و هێشتا حکومەتی کاربەڕێکەر لیستی مووچەی راگەیاندووە و دەڵێت، چاوەڕێن گوژمەی تەواوکاری بۆ مووچەی مانگی هەشت کە بڕەکەی ٢٤٣ ملیار دینارە، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر، تاوەکو دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.

هەرچی حکومەتی عێراقیشە باس لەوەدەکات، رادەستکردنی داهاتی ناوخۆی هەرێم بە بەغدا مەرجی سەرەکیانە بۆ ناردنی مووچە.

شەوی ٢٤ی مانگ شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەیشتە هەرێم و رۆژی دواتر لەبارەی پرسی مووچە و داهات و خەرجییەکانەوە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی شاندەکە بە بەرپرسانی هەرێمیان وتبوو، ئەگەر دەتانەوێت گرفتی مووچە بە یەکجاری چارەسەر بکرێت و ئەو هەموو هاتوچۆیەی نێوان هەرێم و عێراق نەمێنێت، ئەوا دەبێت پابەند بن بە رادەستکردنی ٥٠٪ی داهاتی نانەوتی بە عێراق.

شاندەکە ئەوەی خستبووە ڕوو، پابەندبوون بە رادەستکردنی داهاتی ناوخۆ مەرجی سەرەکییە و دواتریش دەبێت بەشێوەیەکی جددی هەرێم پابەند بێت بە سەرجەم رێککەوتنەکانی نێوانیان، بۆ دابینکردنی لیستێکی مووچەی بێگرفت و لیستی مووچەی خانەنشینی سەربازی و هێزە ئەمنییەکان کە دەبێت حکومەتی عێراق بڕیاری لێبدات.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ٢٧ی ٧ی ساڵی رابردوودا، هەرێم و بەغدا لەسەر پێنج خاڵ رێککەوتن و بەگوێرەی رێککەوتنەکە هەرێم سەرجەم داهاتی نەوتی و ٥٠٪ی داهاتی نا نەوتی رادەستی بەغدا دەکات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراقی ماف و شایستەداراییەکانی هەرێم دەنێرێت.

بەڵام لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هەرێم پابەند نەبووە بە رادەستکردنی داهاتی نانەوتی و دوای نزیکەی ساڵێک لەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق ئەنجامیدا، لە مانگی ئایاری رابردوودا، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە نووسراوێکدا باسی لەوە کرد، حکومەتی کاربەڕێکەر داهاتی نانەوتی رادەستناکات و سەرەڕای ئەوەش دەستکاری داهاتەکان دەکات.

هـ.ئـ


 


 













گەلەری