سەردێڕ:

تەقینەوەکانی لوبنان چۆن روویانداوە؛ دەستکاری ئامێرەکان کراوە؟

PM:10:20:18/09/2024

3288 جار خوێندراوەتەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری كۆمپانیای (لۆبك ئینتەرناشیۆناڵ) تایبەت بە ئاسایش بڵاویكردۆتەوە، ئامێرەكان بەر لەوەی بهێنرێنە لوبنان، لە قۆناغی بەرهەمهێناندا لەلایەن دەزگای مۆسادی ئیسڕائیلەوە دەستکاریکراون، ئەوەش بە دانانی پرۆگرامێکی ڤایرۆسی كە سەرەتا ئامێرەکانی گەرم کردووە و دواتر گەرمییەکەى زیادیکردووە و پاترییەکانی تەقاندووەتەوە.


تەقینەوەى سەدان ئامێرى پەیوەندى لە لوبنان، جارێکى دیکە وڵاتە جوانەکەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى خوێناوى کردەوە و بەپێى تازەترین ئامارەکان ١٢ کەس کوژراون و نزیکەى سێ هەزار کەسیش برینداربوون، بەڵام تەقینەوەکەی بەراورد بە تەقینەوەکەى رۆژى پێشوو، کاریگەرتریش بووە و ئەمجارە موبایل و تەنانەت ئامێرەکانى پەنجەمۆریش تەقیونەتەوە.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە زاری كۆمپانیای (لۆبك ئینتەرناشیۆناڵ) تایبەت بە ئاسایش بڵاویكردۆتەوە، ئامێرەكان بەر لەوەی بهێنرێنە لوبنان، لە قۆناغی بەرهەمهێناندا لەلایەن دەزگای مۆسادی ئیسڕائیلەوە دەستکاریکراون، ئەوەش بە دانانی پرۆگرامێکی ڤایرۆسی كە سەرەتا ئامێرەکانی گەرم کردووە و دواتر گەرمییەکەى زیادیکردووە و پاترییەکانی تەقاندووەتەوە.

بەپیی هەندێک سەرچاوەی تر باس لەوە دەکەن، سێرڤەری ئامێرەکان گۆڕانکارییان تیادا کراوە و بڕێکی کەم لە ماددەی تەقینەوە لە لە پەیجەرەکاندا جێگیرکراون، کە دواتر ئیسرائیل لە رێگەی کۆدێکەوە و لە یەک کاتدا سەرجەمیانی تەقاندووەتەوە.

لە لایەکی ترەوە و دوای ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایانکرد، پەیجەرەکان دروستکراوی تایوانە، کۆمپانیای (گۆڵد ئەپۆلۆ) ی تایوانی جەختیکردەوە، ئەو ئامێرانە تەنیا براندی بازرگانی ئەوانی لەسەر بووە و لە وڵاتێكی ئەوروپی دروستكراون.

دوای ئەو زنجیرە تەقینەوانەش کە ١٧ ی ئەم مانگە لە ناوچەی باشوری لوبنان و بەیروت و بیقاع لە سەدان هەزار ئامێری پەیجەر روویاندا، بەپێی دواین ئامار ١٠ کەس گیانیان لە دەستداوە و نزیکەی ٣ هەزار کەسی تریش کە هەڵگری پەیجەر بوون برینداربوون، کە یەکێک لە بریندارەکان موجتەبا ئامانی باڵیۆزی ئێرانە لە لوبنان.

پەیجەر ئامێرێکی پەیوەندیکردنی بێ تەلە و بەکارهێنەرانی لە رێگەیەوە پەیوەندی کورتەنامە و پەیامی دەنگیی ئەنجام دەدەن، هەروەها بۆ ئاگادارکردنەوەش بەکاردەهێندرێت.

ئەم ئامێرە بێ تەلە لە سەدەی ڕابردووەوە و هاتووەتە کایەوە وەک هۆکارێکی بۆ پەیوەندیکردن بەر لەوەی مۆبایل جێگەی بگرێتەوە، ئێستاش لەو ناوچانە بەکاردەهێنرێت کە هێڵی پەیوەندی مۆبایل تیایاندا لاوازە.

ماوەیەکیشە حزبوڵڵای لوبنان دەستیکردووە بە بەکارهێنانی کۆد لە ناردنی پەیام و هێڵی بێ تەل و پەیجەرەکاندا، ئەوەش بۆ خۆدزینەوە لە تەکنەلۆژیای چاودێری پێشکەوتووی ئیسرائیل، کە لەم دواییەدا ژمارەیەک لە سەرکردەکانی کردە ئامانج.

هۆکاری بەکارهێنانی ئامێری (پەیجەر) یش لەلایەن حزبوڵڵاوە ئەوەیە کە ناتوانرێت بە هێڵی ئینتەرنێتەوە ببەسترێت و ئەوەش وا دەکات تا ڕادەیەکی زۆر لە چاودێریی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسڕائیل بەدوور بێت.













گەلەری