سەردێڕ:

جارێکی دیکە تەقینەوە لە لوبنان روویدا؛ کوژراو و بریندار هەیە

PM:05:39:18/09/2024

3484 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردووتەوە، چەندان ئامێری بێتەلی پەیوەندی لە لوبنان تەقیونەتەوە. بەپێی زانیارییەکانیش ١٠٠ کەس برینداربوون و سێ کەس گیانیان لەدەستدا.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، چەندان ئامێری بێتەلی پەیوەندی لە لوبنان لەنێو پرسەیەک کە حزبوڵا بۆ ئەو کەسانەی ئامادە کردبوو کە دوێنێ گیانیان لەدەستدا تەقیونەتەوە.
بەپێی میدیا جیهانییەکان جگە لە ئامێرە بێتەلەکان چەندان رادیۆ لە ماڵەکان و ماتۆڕسکیلیش تەقیونەتەوە و هێرشەکە کاریگەری لەسەر زۆرینەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک کۆمپیوتەر و پانێڵی وزەی خۆر و ئامێری پەنجەمۆر و ئەو ئامێرانەی لیسیۆم لە پاترییەکانیاندا هەبووە. 
بەهۆی هێرشەکەوە، خانو و باڵەخانە و ئۆتۆمبێل سووتاون. 
دوێنێ، چەندان ئامێری پەیوەندی پەیجەر لە لوبنان تەقینەوە و وەزارەتی تەندروستی لوبنان رایگەیاند، هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی سێ هەزار کەسیش بریندار بوون کە ٢٠٠ کەسیان برینەکانیان سەختە.

لای خۆشییەوە، فیراس ئەبیاد وەزیری تەندروستی لوبنان ئاماژەی بەوە کردووە، ١٠٠ نەخۆشخانە بەشداربوون لە وەرگرتن و چارەسەرکردنی بریندارەکان کە زۆربەی برینەکان لە دەموچاو و دەست و سکدا بوون. 

هاوکات، حزبوڵای لوبنان ئیسرائیل بە تەقینەوەی پەیجەرەکان تۆمەتبار دەکات و لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل هیچ راگەیانراوێکی لەوبارەیەوە نییە.













گەلەری