سەردێڕ:

ترەمپ ئەنجامدانی دیبەیتێکی دیکەی لەگەڵ کامالا رەتکردەوە

PM:11:20:12/09/2024

3060 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان ئەنجامدانی دیبەیتێکی دیکەی لەگەڵ کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا رەتکردەوە.


پاش ئەوەی لە یەکەم دیبەیتیاندا لە بەرەبەیانی رۆژی ١١ـی ئەم مانگە، داوای ئەنجامدانی دیبەیتێکی نوێ کرا؛ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان رەتیکردەوە دیبەیتێکی دیکە لەگەڵ کامالا ئەنجام بدات.

ترەمپ لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی "Truth Social " ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەنجامدانی دوو دیبەیت لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا و کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا، "دیبەیتی سێیەم بوونی نییە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ١١ـی ئەم مانگە، لە ناوەندی دەستوری نیشتیمانیی فیلادلفیا یەکەم دیبەیتی نێوان ترەمپ و کامالا بەڕێوەچوو، لە دیبەیتەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەریەک لە پرسەکانی کۆچبەران، جەنگ، قەرزەکان و ئابووری، یاسای لەباربردنی منداڵ و پلانەکانی داهاتووی وڵاتەکە و چەندین پرسی دیکە کرا، هەردوولا بە چەندین شێوە تۆمەتیان رووبەڕووی یەکتر کردەوە و بەرگریان لە خۆیان کرد.

ئەو دیبەیتە لەلایەن کەناڵی 'ئەی بی سی نیوز'ی ئەمریکی رێکخرابوو و دوابەودوای دیبەیتەکەش تیمەکەی هاریس داوای ئەنجامدانی دیبیتێکی دیکەیان لە تیمەکەی ترەمپ کرد کە بڕیار بوو لە ٢٥ـی ئەم مانگە بەڕێوە بچێت.

بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەبچێت و پێشبڕکێی نێوان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپیش بۆ ئەو پۆستە لە لوتکەدایە و بەردەوام جێگای مشتومڕی میدیاکانە.

کامالا یەکەم ژنە رەشپێستە کە کاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و تاوەکو ئەم ساتەش توانیویەتی بەرێژەیەکی بەرچاو پشتگیری بۆخۆی کۆبکاتەوە.

ئەوە جگە لەوەی یەکەم ژنە رەشپێست بوو ببێتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و لە خولی پێشووی سەرۆکایەتیدا جێگری جۆو بایدنی سەرۆک بوو.













گەلەری