بەرەبەیانی ئەمڕۆ کامالا هاریسی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشوو و کاندیدی کۆمارییەکان لە دیبەیتێکدا رووبەڕووی یەکتر بوونەوە و بە چەندین شێوە تۆمەتیان رووبەڕووی یەکتر کردەوە و بەرگریان لە خۆیان کرد.
دیبەیتەکە لە ناوەندی دەستوری نیشتیمانیی فیلادلفیا بەڕێوەچوو، کە ئەوە یەکەم دیبەیتی نێوانیان بوو و یەکەم ئەزموونیش بوو بۆ کامالا، لە دیبەیتەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەریەک لە پرسەکانی کۆچبەران، جەنگ، قەرزەکان و ئابووری، یاسای لەباربردنی منداڵ و پلانەکانی داهاتووی وڵاتەکە و چەندین پرسی دیکە کرا.
لە درێژەی دیبەیتەکەدا
ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر هاریس هەڵبژێردرێت و ببێتە سەرۆکی داهاتوو، ئەوا
ئەمریکا کۆتایی پێدێت.
کامالا هاریسیش باسی
لەوەکرد، ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا کردوویانە چاککردنەوەی کارە هەڵەکانی ترەمپ
و ئەو قەرزانە بووە کە ترەمپ تووشی وڵاتەکەی کردووە.
لە گرنگترین باسدا کە گفتوگۆیەکی زۆری لەسەرە و بووەتە هۆی
یەکلاکردنەوەی ڕای بەشێکی زۆری دەنگدەران، یاسای لەباردبردنی منداڵە، کە کامالا
هاریس باس لەوەدەکات، ترەمپ رێگرە لەوەی ژنان بڕیاردەری جەستەی خۆیان بن و ترەمپیش
دەڵێت، هاریس مارکسییە و وڵاتەکە تێک دەدات.
لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە ترەمپ باسی لەوەکرد، ئەوان
رێگەیان داوە کۆچبەرێکی زۆر بچێتە خاکی ئەمریکاوە و ئەوەش وڵاتەکەیان تێکدەدات.
وتیشی، ئەو کۆچبەرانە خاک و ئاوی وڵاتەکەیان لە گەنجان
داگیرکردووە و بە شێوەیەکی نەگونجاو رەفتار دەکەن، لەکاتێکدا کەس نازانێت لە وڵاتی
خۆیاندا چییان کردووە و چۆن بوون، تیایاندایە لە وڵاتەکەی خۆی تاوانی کردووە و
هەڵهاتووە.
هاریس ترەمپی تۆمەتبارکرد بە لاوازکردنی پێگەی ئەمریکا و
زیادکردنی قەرز لەسەر وڵاتەکە، جگە لە پەرەسەندنی جەنگ و زیادکردنی بێکاری،
ترەمپیش لە بەرامبەردا وتی، ئەوان بە ملیاران دۆلاریان لە وڵاتەکانی دیکەوە گەڕاندووەتەوە
ئەمریکا و ئەوەی ئیدارەکەی ئەو کردوویەتی پێشتر نەکراوە.
دیبەیتەکەی ترەمپ و هاریس کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە
و تیمەکەی هاریس باس لەوەدەکەن، کامالا هاریس توانیویەتی بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە
گفتوگۆکە بەڕێوەببات و چەند جارێک ترەمپی خستووەتە ئەو دۆخەی نەتوانێت هیچ بڵێت و
تەنها بەرگری لەخۆی بکات.
ئەم دیبەیتە لەلایەن کەناڵی 'ئەی بی سی نیوز'ی ئەمریکی
رێکخرابوو و دوابەودوای دیبەیتەکەش تیمەکەی هاریس داوای ئەنجامدانی دیبیتێکی
دیکەیان لە تیمەکەی ترەمپ کرد و ئەوانیش قبوڵیانکرد، بۆیە بڕیارە دیبەتی دواتر لە
٢٥ی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچێت و کەناڵی 'ئێن بی سی نیوز' سەرپەرشتی بکات.
لە یەکێکی دیکە لە کاردانەوە گرنگەکانی دوای دیبەیتەکە،
پۆستێکی تایلۆر سویفتی گۆرانیبێژی بەناوبانگی ئەمریکییە لە ئینستاگرام بۆ
هەوادارەکانی کە خاوەنی نزیکەی ٢٨٥ ملیۆن فۆڵۆوەرسە، کە پشتیگیری خۆی بۆ کامالا دەربڕیوە
و داواش دەکات، سەرجەم ئەوانەی دەتوانن دەنگبدەن، بڕیاری گونجاو بدەن و ئەو کەسە هەڵبژێرن
کە دەیانەوێت.
بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
ئەمریکا بەڕێوەبچێت و پێشبڕکێی نێوان کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپیش بۆ ئەو پۆستە
لە لوتکەدایە و بەردەوام جێگای مشتومڕی میدیاکانە.
کامالا یەکەم ژنە
رەشپێستە کە کاندید بێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و تاوەکو ئەم ساتەش
توانیویەتی بەرێژەیەکی بەرچاو پشتگیری بۆخۆی کۆبکاتەوە.
ئەوە جگە لەوەی یەکەم
ژنە رەشپێست بوو ببێتە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و لە خولی پێشووی سەرۆکایەتیدا جێگری
جۆو بایدنی سەرۆک بوو.