سەردێڕ:

پەروەردەی زیقار: بۆ وەرزی نوێی خوێندن ٥٠ قوتابخانەی نموونەیی حکومی دەکرێنەوە

PM:02:39:27/07/2024

920 جار خوێندراوەتەوە

پەروەردەی زیقار رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی ١٠ـی ئەمساڵ، ٥٠ قوتابخانەی نموونەیی حکومیی تەواو دەبێت و نەخشەی ١٠٦ قوتابخانەی دیکەش دانراون.


ئەمڕۆ شەممە، سادق عەبدولڕەزا، بەڕێوەبەری پلانی پەروەردەیی لە پەروەردەی زیقار رایگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە پلانێکیان داناوە بۆ نەهێشتنی دوو دەوامی لە قوتابخانەکاندا و لە ئێستادا بەشێکی ئەو قوتابخانانەی پلانیان بۆ دانرابوو لە تەواوبووندان.

وتیشی، "پلانی ١٠٦ قوتابخانەی نموونەیی حکومیی دیکە دانراون و سەرقاڵی تەرخانکردنی زەویین بۆیان".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو قوتابخانانە رۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە چارەسەری کەمی قوتابخانەکان و زۆری خوێندکار لە پۆلەکان و سیستمی دوو دەوامی.

دەشڵێت، لە چوارچێوەی ئەو پلانانەدا تاوەکو کۆتایی مانگی ١٠ـی ئەمساڵ، ٥٠ قوتابخانە تەواو دەکرێن و رادەستی وەزارەتی پەروەردە دەکرێن بۆ دەستکردن بە دەوام تیایاندا، کە هەر قوتابخانەیەک لە نێوان ١٢ و ١٨ و ٢٤ پۆلدان و کوالێتی باڵەخانەکان بەرزە، بە جۆرێک سیستمی دەنگ و هێڵی ئینتەرنێت و ئاگرکوژێنەوەی تێدایە.

رادەستکردنی ٥٠ قوتابخانە و پلانی ١٠٦ قوتابخانەی دیکە 'کە نموونەیین'تەنها لە یەک پارێزگای عێراقدایە، لەکاتێکدا، ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە لە هەرێم گرفتی کەمی باڵەخانەی قوتابخانەکان هەیە و لە زۆرینەی قوتابخانەکاندا سێ دەوام دەکرێت، جگە لە گرفتی کەمی مامۆستا؛ لەکاتێکدا کردنەوەی قوتابخانەی زیاتر کەشی گونجاو بۆ قوتابییەکان دەڕەخسێنێت و هەلی کاری زیاتریش بۆ مامۆستایان پەیدا دەکات.

لە ساڵانی رابردوودا لە هەرێم چەندین قوتابخانەی نموونەیی حکومیی هەبوون، بەڵام وردە وردە رێژەی قوتابخانەکان روویان لە کەمبوونەوە کرد و ئێستا چەند قوتابخانەیەکی کەمی نموونەیی حکومیی لە هەرێم ماون و لەبری ئەوانە بەهۆی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتییەوە کراون بە قوتابخانەی تایبەت و خوێندکار دەبێت بە بڕە پارەیەکی زۆر تیایاندا بخوێنێت.













گەلەری