سەردێڕ:

چین: کارەساتە سروشتییەکان زیانی ١٢ ملیار دۆلارییان هەبووە

پاشخانی بومەلەرزەکەی باشووری رۆژئاوای چین لە ٢٢ـی یەکی ٢٠٢٤
PM:09:43:12/07/2024

1200 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی چین رایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، کارەساتە سروشتییەکان زیانی ئابووری بە بڕی ١٢ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دۆلار هەبووە. دەشڵێت، بودجەی پێویست بۆ رووبەڕوبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان و کەمکردنەوەی زیانەکان تەرخان کراوە.


ئەمڕۆ هەینی، حکومەتی چین رایگەیاند، بەوپێیەی لەمساڵدا وڵاتەکە رووبەڕووی ژمارەیەک کارەساتی سروشتی بووەتەوە، گەورەترین زیانی ئابووری لە ئەنجامی کارەساتە سروشتییەکانەوە بەراورد بە شەش ساڵی رابردوو، تۆمار کراوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دیارترین کارەساتە سروشتییەکان کە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە وڵاتەکەدا روویداوە، شەپۆلی بەهێزی بەفربارین، بومەلەرزە و لافاو بوون، کە بەهۆیەوە ٣٢٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون.

باسی لەوەش کردووە، هەر بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە، نزیکەی ٨٥٦ هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە و زیانیش بەر زەوییە کشتوکاڵییەکان و ئەو بەرهەمانەی تێیدا بووە، کەوتووە.

ئەوەشی خستووەتە روو، زیانە ئابوورییەکان کە لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەهۆی کارەساتە سروشتییەکانەوە بە ١٢ ملیار و ٨٣٠ ملیۆن دۆلار دیاریکراوە. وتیشی، ئەو بڕە بە گەورەترین زیانی ئابووری، بەراورد بە نیوەی یەکەمی شەش ساڵی رابردوو، دادەنرێت.













گەلەری