سەردێڕ:

رێکخراوە جیهانییەکان: نزیکەی تەواوی دانیشتوانی غەززە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن

PM:05:12:24/06/2024

1312 جار خوێندراوەتەوە

لە ئەنجامی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل نەبوونی خۆراک و بەدخۆراکییەکی سەخت رووی لە دانیشتوانی کەرتی غەززە کردووە و بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان نزیکەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززە لەو کەسانەن کە رووبەڕووی برسێتی دەبنەوە و زۆرینەیان منداڵن و لە کۆی ١٠ منداڵ لە غەززە کە تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ دوو ساڵدایە، نۆ منداڵیان لە بە دەست نەبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن.


بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی پۆلێنکاری ئاسایشی خۆراک، نزیکەی ١٦٦ ملیۆن کەس لە جیهاندا پێوسیتیان بە کاری جدی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی.

ئاماژە بەوەش کراوە، نزیکەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززە لەو کەسانەن کە رووبەڕووی سەختترین جۆری برسێتی دەبنەوە، ئەوەش لە ئەجامی گرژییەکانی ناوچەکە.

ئەوەش خراوەتە روو، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و زۆرینەشیان منداڵن بەتایبەت ئەو منداڵانەی لە سەرەتاکانی شەڕەکەوە لەدایکبوون.

لای خۆشیەوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری منداڵان "یونیسێف" باسی لەوە کردووە، لەهەر سێ منداڵێک لە کەرتی غەززە یەکێکیان بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەک کە لە کۆتایی مانگی ئایاردا ئەنجامیان داوە، لە کۆی ١٠ منداڵ لە غەززە کە تەمەنیان لە نێوان شەش مانگ بۆ دوو ساڵدایە، نۆ منداڵیان لە بە دەست نەبوونی خۆراکەوە دەناڵێنن و رۆژانە کەمتر لە دوو ژەم دەخۆن.

هاوکات، بەپێی راپۆرتێکیی جیهانی بۆ قەیرانەکانی خۆراک، لە ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٣٦ ملیۆن منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ لە ئاستی جیهانیدا تووشی بەدخۆراکی توند بوون و نزیکەی ١٠ ملیۆنیان بە سەختی نەخۆش کەوتوون.














گەلەری