سەردێڕ:

بەهۆى گیانلەدەستدانی حاجییان؛ میسر مۆڵەتى کارکردنى لە ١٦ کۆمپانیای گەشتیاری وەرگرتەوە

PM:10:30:22/06/2024

1944 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی میسر رایگەیاند، بەهۆى گیانلەدەستدانی ژمارەیەکى زۆر لە حاجییان، مۆڵەتى کارکردن لە ١٦ کۆمپانیای گەشتیاری ئەو وڵاتە وەرگیراوەتەوە بەهۆى ئەوەى گەشتیان بۆ حەج رێکخستووە و خزمەتگوزارى پێویستیان دابین نەکردووە.


ئەمڕۆ شەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی میسر لە راگەیانراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەی مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، مۆڵەتی کارکردن لە ١٦ کۆمپانیای گەشتیاری وەرگرتووەتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کۆمپانیایانە هەستاون بە ناردنی حاجییان بۆ گەشتی حەج بە شێوەیەکی نایاسایی، لەگەڵ ئەوەشدا خزمەتگوزاری پێویستیان بۆ حاجییان دابین نەکردووە، بۆیە مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەرگیراوەتەوە.

باس لەوەش کراوە، ژمارەی فەرمی پشکی حاجییانی میسر ٥٠ هەزار کەس بووە، لەو ژمارەیە ٦٥٨ کەسیان گیانیان لەدەستداوە کە ٦٣٠ کەسیان لەڕێگەى کۆمپانیاکانى گەشتیارى گەشتى حەجیان کردووە، هاوکات بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزارى و گەرماوە لەکاتى بەجێهێنانى فەریزەى حەجدا گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، بەپێی داتای نزیکەی ١٠ وڵات لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا لە سعودیە زیاتر لە هەزار حاجی گیانیان لەدەستداوە، دیارترین هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو حاجییانەش بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووە.













گەلەری