سەردێڕ:

وەرزی حەجی ئەمساڵ کۆتایی هات؛ چارەنووسی ١٩ حاجی هەرێم نادیارە

PM:02:49:20/06/2024

2292 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ١٩ حاجی هەرێم تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە و لەگەڵ حکومەتی سعودیە لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەیان. شاندی حاجیانی هەرێمیش بڵاویانكردەوە لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا ١٦ حاجی هەرێم گیانیان لەدەستداوە.


نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، تا ئێستا لە گفتوگۆدان لەگەڵ وڵاتی سعودیە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ١٩ حاجی ونبووی هەرێم.

بەپێی ئامارێکیش، چوار ئەوەندەی ساڵی رابردوو حاجی گیانی لەدەستداوە، بڕیاریشە سەرەتای هەفتەی داهاتوو گەڕانەوەی حاجیانی هەرێم دەستپێبکات. شاندی حاجیانی هەرێمیش بڵاویانكردەوە لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا ١٦ حاجی هەرێم گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکی زۆرییان ئەو حاجییانەن کە بە ڤیزای گەشتیاری سەردانی سعودیەیان کردووە.

لای خۆشییەوە، حکومەتی سعودیە رایگەیاند، ئەمساڵ وڵاتەکەیان پێشوازی کردووە لە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠ هەزار حاجی، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٦٨٥ حاجییان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم ڕایگەیاند، دوای بەجێ گەیاندی فەریزەی حەج ٢٢ـی مانگ یەکەم کاروانی حاجیان بەڕێگای وشکانی دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و ٢٤ـی مانگیش یەکەم کاروانی حاجیان بەڕێگای ئاسمانی دەگەڕێنەوە و و دوایین کاروانی حاجیانیش لە ٣٠ مانگ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

هاوکات،بەپێی ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمساڵ ٩٢٢ حاجی لە سعودییە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو چوار هێندە زیادیکردووە،لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٦٠٠ حاجییان خەڵکی میسر بوون، ئاژانسەکە بەشێکی زۆری هۆکارەکەیشی بۆ بەرزی پلەکانی گەرما گەراندەوە کە ٥١ پلەی سیلیزی تێپەڕاندبوو.













گەلەری