سەردێڕ:

بڕیارە رۆژى ٢٨ـی حوزەیرانى ئەمساڵ هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار لە ئێران بەڕێوەبچێت

PM:10:05:27/05/2024

1436 جار خوێندراوەتەوە

ئێران مانگى داهاتوو بڕیارە هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمار بکات، چەند کاندیدێک نزیک لە رابەرى ئێران خۆیان بۆ بردنەوەى هەڵبژاردنەکە ئامادە دەکەن و بەرەى ریفۆرمخوازەکانیش هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە.


هەڵبژاردنى ئەمجارەى ئێران جیاواز لە هەڵبژاردنەکانى دیکە لەکاتێکدایە سەرۆک چوار ساڵ یان وەک زۆربەى سەرۆک کۆمارەکانى دیکە هەشت ساڵى خۆى تەواونەکرد و بە رووداوى فڕۆکە لە رۆژى ١٩ـی ئەم مانگەدا کۆتایی بە ژیانى هات. رووداوێک جارێکى دیکە رەشەباى سیاسەتى لە ئێراندا هەڵکردەوە و هەردوو بەرەى ریفۆرمخوازەکان و موحافزکارەکانى ئێران بەریەک دەخاتەوە.

گرنگترین کاندیدەکانیش بریتین لە سەعید جەلیلى، وەزیرى پێشووترى دەرەوەى ئێران و ئەندازیارى رێککەوتنى ئەتۆمى ساڵى ٢٠١٥، عەلى لاریجانى، سەرۆکى پەرلەمانى پیشوو و بەرێوەبەرى پێشووترى دەزگاى سەدا و سیماى ئێران، هاوکات محەمەد قاڵیباف، سەرۆکى ئێستاى پەرلەمانى ئێران.

هاوکات، باس لە خۆکاندیدکردنى هەریەک لە مەحمود ئەحمەدى نەژادى سەرۆکى پێشووترى ئێران دەکرێت و دەڵێن لایەنگرانى چوونەتە بەردەم ماڵەکەى داوایان لێکردووە خۆى کاندید بکاتەوە.

هەروەها باس لە محەمەد جەواد زەریفی، وەزیرى پێشووترى دەرەوەى ئێرانیش دەکرێت، هەرچەندە بە فەرمى رانەگەیەندراوە.

لە هەموو حاڵەتەکاندا ٢٨ـی حوزەیرانى داهاتوو خەڵکى ئێران و رابەرى بڕیاردەدەن کێ دەبێتە سەرۆکى وڵات و جێگاى ئیبراهیم رەئیسى دەگرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٩ـی ئایار بەهۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان لە ناوچەی دارستانی دیزمار لەنێوان گوندەکانی ئاوزی و پیرداوددا، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار، ئەمیر عەبدوڵاهیان وەزیری دەرەوە و حەوت کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.













گەلەری