سەردێڕ:

بەهۆی دروستبوونی گرژی؛ دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان هەڵگیرا

PM:09:33:18/05/2024

4160 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، گرژی و ناکۆکی لەناو ئەندامانی پەرلەمان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق دروست بووە. پەرلەمانی عێراقیش رایگەیاند، دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان هەڵگیرا.


ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە دوای ئەوەی بڕیار بوو کاتژمێر نۆی ئەمشەو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی گەڕی سێیەمی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوەبچێت، لەناو پەرلەماندا گرژی و ناکۆکی دروست بوو و بەوهۆیەوە دانیشتنەکە هەڵگیرا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی دروستبوونی شەڕ و ناکۆکی لەناو پەرلەمان چەند پەرلەمانتارێک بریندار بوون.

باسی لەوەش کرد، لە کاتژمێر نۆدا دوای ئەوەی زەنگی دانیشتنی پەرلەمان بۆ گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان لێدرا، بەشێکی زۆری ئەندامانی پەرلەمان بەتایبەت لایەنە سوننیەکان لە بەردەم سەرۆکایەتی پەرلەماندا کۆبوونەوە و باسیان لەوە دەکرد کە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان پابەندی رێککەوتنی دەرەوەی پەرلەمان نەبووە بۆ دیاری کردنی سەرۆکی پەرلەمان.

ئەوەشی خستە روو، رێککەوتنەکەیان بەوجۆرە بوو کە ئەگەر لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا هیچ کام لە کاندیدەکان سەرنەکەوتن ئەوا چەند پەیڕەوێکی ناوخۆی پەرلەمان هەموار بکەنەوە و جارێکی دیکە دەرگای خۆ کاندیدکردن بکرێتەوە.

وتیشی، لە ئەنجامی ئەو رێککنەکەوتنەدا گرژی و ناکۆکی لەناو پەرلەمان دروست بوو و چەند پەرلەمانتارێک بریندار بوون، لە کۆتایشدا دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ کاتێکی نادیار. 

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان و چەند مادەیەکی دیکەوە دانیشتنی خۆی بە بەشداری ٣١١ ئەندام ئەنجامدا.

لەدوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی دانیشتنەکەدا تەڵال زوبەیع کشایەوە، لە گەڕی دووەمدا هەریەکە لە سالم عیساوی و مەحمود مەشهەدانی و عامر عەبدولجەبار بەربژێر بوون بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.

لەدوای دەنگدانی گەڕی دووەمی دانیشتنەکە و جیاکردنەوەی دەنگەکان سالم عیساوی توانی ١٥٨ دەنگ بەدەست بهێنێت و مەحمود مەشهەدانیش ١٣٧ دەنگی بەدەستهێنا و عامر عەبدولجەباریش سێ دەنگی بەدەستهێنا، هەروەها ١٣ دەنگی بەتاڵیش تۆمار کران.

گۆران عەبدوڵڵا - بەغدا 













گەلەری