سەردێڕ:

حکومەتی کاربەڕێکەر: پارەی مووچە خراوەتە سەر هەژماری بانکییمان و دەستکاریمان نەکردووە

PM:05:35:13/03/2024

9868 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، حکومەتی عێراق پارەی مووچەی خستووەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێم، بەڵام ئەوان تا ئێستا دەستکاری ئەو پارەیەیان نەکردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، پارەی مووچە خراوەتە سەر هەژماری بانکیی هەرێم و تا ئێستا دەستکارییان نەکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پاشەکشە ناکات لە پڕۆژەی "هەژماری من"، هەرکەسێکیش دەیەوێت لە رێگەی ئەو پرۆژەیەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دابەش بکات، هەموو وردەکارییەکی هەر مووچەخۆرێکی رادەست دەکرێت.

هاوکات، ئەمرۆ چوارشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوان پارەی کەمیان نەناردووە بەڵکو ئەو بڕە پارەیەیان ناردووە کە حکومەتی کاربەڕێکەر داوای کردووە بۆیان بنێردرێت بە گوێرەی ئەو لیستانەی کە رەوانە کراوە.

وەزیری دارایی عێراق وتیشی، داوا کراوە کە لە یەک مانگدا پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بێت تا لەوە زیاتر مووچەخۆرانی هەرێم مووچەکانیان دوا نەکەوێت و لە ئێستاشدا بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات زیاتر لە ٥٦٠ ملیار دیناریان بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر ناردووە.

باسی لەوەش کرد، داوایان کردووە کە هەرێم زانیارییەکانی پرۆژەی "هەژماری من" بداتە بەغدا، بەڵام هەرێم ئامادە نەبووە زانیارییەکانیان پێ بدات، ئەوەش هۆکارە بۆ ئەوەی کە نەتوانن بەهیچ جۆرێک لە رێگەی هەژماری منەوە مووچە دابەش بکەن و ناشیانەوێت لە رێگەی ئەو هەژمارەوە مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بنێرن.













گەلەری