سەردێڕ:

بۆ دووەم هەفتە؛ خوێندکارانی پۆلی ٩ و ١٢ گردبوونەوە

AM:10:21:13/02/2024

1336 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ بۆ دووەم هەفتە لەسەر یەک خوێندکارانی پۆلی ٩ و ١٢ لە سەیدسادق و چەمچەماڵ گردبوونەوە و دەڵێن، لە سەرەتاوە وانەیان نەخوێندووە و ئێستاش پەلە پەلیان لێدەکەن.


ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ هەفتەی دووەم، خوێندکارانی پۆلی ٩ و ١٢ لە سەیدسادق و چەمچەماڵ گردبوونەوە و باس لەوەدەکەن، تەنها سێ یان چوار وانە دەخوێنن و لەو وانانەشدا پەلە پەلیان لێدەکەن.

ئاماژە بەوەشدەکەن، "داواکارین بۆ چوونە ناو تاقیکردنەوەی نیشتیمانی، مەرجی کەوتن لە سێ وانە بکەن بە چوار وانە، هەروەها پرۆگرامی خوێندنمان بۆ کەمبکەنەوە، لەبەر ئەوەی پەروەردەکانی دیکە خوێندکارانی پۆلی ١٢ لە سەرەتای ساڵەوە دەستیان بە خوێندنی وانەکانیان کردووە."

دەشڵێن، "چوار مانگی خوێندنمان لە سەرەتای دەوامەوە فەوتاوە و فریای تەواوکردنی ئەو پرۆگرامە زۆرە ناکەوین بیخوێنین، ئەگەر کاتیش درێژبکرێتەوە بەو گەرمای هاوینە خوێندکار توانای خوێندنی نییە، چونکە فێنککەرەوەی پێویست لە خوێندنگەکاندا نییە."
باس لەوەشدەکەن، "تەنها لە یەک وانەی ٤٠ خولەکیدا چوار بۆ پێنج بابەتیان بۆ باسدەکەن و لە هیچی تێناگەن، بەسێکی مامۆستاکانیش بە وێنە وانەکانیان بۆ دەنێرن بینووسنەوە."

ئەو خوێندکارانە ئەوەشیان خستەڕوو، "ساڵی رابردوو کە خوێندن بە تەواوی و لەکاتی خۆیدا دەستیپێکرد فریای تەواوکردنی وانەکان نەکەوتووین ئنجا ئەمساڵ کە چوار مانگی خوێندن فەوتاوە."













گەلەری