سەردێڕ:

حکومەتی عێراق رێوشوێنێک بۆ چارەسەری ساختەکاری دەرمان دەگرێتە بەر

PM:03:53:11/02/2024

1116 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت رایگەیاند، تاکە رێگا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ساختەکاری لە دەرماندا و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی دەرمان لە دەرەوە، بەرهەمهێنانی دەرمانە لە ناوخۆی وڵاتدا لە لەلایەن کارگەکانی دەرمانسازی حکومی و تایبەتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، حەمودی لامی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا گرێبەستەکانی دەرمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا لە ١٤٤ ملیار دینارەوە بۆ ٤٠٠ ملیار دینار بەرزبووەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ بەرهەمهێنانی دوو هێندەی دەرمان لەلایەن کارگەکانی دەرمانسازی تایبەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە ساڵی رابردوودا ٣٣٨ جۆر دەرمانی نوێ تۆمار کراون کە ١٤ جۆر دەرمانی دژە زیندەیی و ١٢ جۆر دەرمانی پەستانی خوێنو ١١ جۆر دەرمانی نەخۆشی شەکرە، هەروەها چەندین جۆر دەرمانی دیکەی بەسودی تێدایە.

ئەوەشی خستە روو، ساختەکاری لە دەرماندا بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و ئەستەمە دەرمانی ساختە لەگەڵ دروست جیا بکرێنەوە، بۆیە تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەرهەمهێنانی دەرمانە لە ناوخۆی وڵاتدا لەلایەن کۆمپانیای حکومی و تایبەتەوە.

باسی لەوەش کرد، عێراق ساڵانە بە بەهای سێ ملیار دۆلار دەرمان هاوردە دەکات، بۆیە بەرهەمهێنانی دەرمان لە ناوخۆی وڵاتدا کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر کەرتی ئابووری و کەمکردنەوەی هاوردەکردنی دەرمان.













گەلەری

‌بەپەلە