سەردێڕ:

محەمەد حاجی مەحمود: حكومه‌تی هه‌رێم بەرپرسە لە دواکەوتنی خوێندن و فەوتانی چارەنووسی خوێندکاران

AM:10:57:24/01/2024

6724 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی کاربەرێکەر بەرپرسە لە دواکەوتنی خوێندن و تا ئێستاش هەوڵی نەداوە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی خوێندکاران. دەشڵێت، "ماوەی ٣٢ ساڵە هیچ دەستکەوتێکی سیاسی نەبووە جگە لە بازرگانیکردن".


ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، حکومەتی کاربەرێکەر بەهیچ جۆرێک سەرکەوتوو نەبووە لە حکومڕانی و لەماوەی ٣٢ ساڵی رابردوودا لەڕێی چەند حزبێکەوە تەنها سەرقاڵی بازرگانیکردن و دانانی گومرگ بووە.

باسی لەوەش کرد، پێویستە بیر لە چارەنووسی ئەو خوینداکارانە بکرێتەوە کە خویندنیان دواکەتووە و تا ئێستاش حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ هەوڵێکی نەداوە بۆ یەکلاییکردنەوە چارەنووسی خوێندکاران .دەشڵێت، "حوکمەتی کاربەرێکەر بەرپرسە لە دواکەوتنی پڕۆسەی خویندن و فەوتانی چارەنوسی خویندکاران".

ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا بیر لە دامەزراندن و کەرتی خزمەتگوزاری نەکراوەتە و هیچ پلانیکیشیان نەبووە بۆ کەرتی ئاوەدانکردنەوە و تەنها وەک ناو کارتی گەشتیاری و پلاندانایان هەیە.

ئەوەشی خستە روو، پێویستە لایەنە سیاسیەکان هەماهەنگی بکەن و یەکبۆچوونیی سیاسیان هەبێت لەپێناو یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی کورد و دۆسیەی کورد لەبەردەم بەغدا و وڵاتانی دراوسێدا. وتیشی، "ئەم دۆخەی لە ئێستادا تێیداین بەهۆی ناکۆکی و ململانێی لایەنە سیاسیەکانەوەیە نەوەک عێراق و وڵاتانی دراوسێ".

سەبارەت بە دەستور و سەرەوەری عێراقیش جەختی لەوە کردەوە، لە عێراق کار بەدەستور ناکرێت و تەواوی کێشەکان بەهۆی پشتنەبەستن بووە بە دەستوورەوە بەتایبەت لە دۆسیەی کوردا.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکی پێنج مانگە پرۆسەی خوێندن لە هەرێم دەستی پێکردووەتەوە، بەڵام بەهۆی دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە، مامۆستایان ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن و باس لەوەدەکەن، "١٠ ساڵە قوربانی بە ماندوویەتی و گیرفانی خۆیان دەدەن و چیتر ناتوانن لەو دۆخەدا وانە بڵێنەوە."

نەکرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان و خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی مووچە لە هەرێم کاریگەریی لەسەر تەواوی کایەکانی ژیانی هاوڵاتییان کردووە و ئەو دۆخە بووەتە هۆی پەککەوتنی خوێندن و لاوازبوونی جوڵەی بازرگانی و بازاڕ و نەبوونی هەلی کار و نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان، تەنانەت ئەو دۆخە بەدەر نییە لەوەی کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونیی هاوڵاتییان دابنێت.













گەلەری