بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە پرۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، پەیامی ئێران بۆ حکومەتی هەرێم ئەوەیە نایانەوێت لەوە زیاتر دۆخی هەرێم تێکبچێت. دەشڵێت، " دەبێت پارتی و یەکێتی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانیان بۆ خزمەتی خەڵک بەکاربهێنن نەک دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانیان".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عادل باخەوان بەڕێوەبەری ناوەندی فەڕەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لە پرۆگرامی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەو هێرشە درۆنیەی لە ماوەی رابردوودا کرایەوە سەر پیرمام جیاوازە لەو هێرشانەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر و هەریر، دەشڵێت " پەیامی ئێرانییەکان بۆ حکومەتی هەرێم ئەوەیە نایانەوێت لەوە زیاتر دۆخی هەرێمی کوردستان تێکبچێت".
ئاماژەی بەوەش کردووە ، پارتی و یەکێتی مافی خۆیانە لەگەڵ
لایەنی دەرەوەدا سیاسەت بکەن و دەبێت پەیوەندییەکانیان بەکاربهێنن بۆ خزمەتی خەڵکی
هەرێم، ئەو دوو حزبە مافی ئەوەیان نیە مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی هەرێم
درووست بکەن. وتیشی '' هەر کاتێک بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان کەوتە مەترسیەوە
دەبێت پارتی و یەکێتی بزانن خەڵکی هەرێم لێیان نابورێت''.
عادل باخەوان ئەوەشی خستووەتە روو، کاتی ئەوە هاتووە
پارتی و یەکێتی درک بکەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە چوارچێوەی حکومەتی عێراقدا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات و ئەگەر پارتی و یەکێتی کەرامەتی
هاوڵاتی کوردیان بەلاوە گرنگ بێت دەبێت ئامادەیی کورد لە بەغدا بەهێز بکەن، چەنێک
نوێنەرانی کورد لە بەغدا لاوازبن هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەوێتە مەترسیەوە.
جەختیشی لەوە کردەوە، بەهۆی ناکۆکی پارتی و یەکێتییەوە تا
ئێستا کورد لە بەغدا ٧٠ کورسی لە عێراق پڕکردووەتەوە لە کۆی ٦٠٠ پۆست.
عادل باخەوان سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆسەر بارەگای هێزەکانی
حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئیدارەی جۆبایدن نایەوێت رووبەرووی جەنگ ببێتەوە لە گەڵ میلیشاکانی
عێراقدا تەنها ئەوەیان دەوێت کۆتایی بەو هێرشانە بێت کە دەکرێتە سەر بنکە و بارەگاکانیان
لە عێراق. دەشڵێت، " پێشنیازێک هەیە وەزارەتێک بۆ حەشدی شەعبی دروست بکرێت
چونکە ژمارەیان گەیشتووتە ٢٣٠ هەزار کەس".