بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، بەهۆی خواردنی ئەندۆمییەوە منداڵێک لە داقوق گیانی لەدەستدا و خوشکەکەشی رەوانەی نەخۆشخانە کرا. باوکی کچەکەش دەڵێت، کچەکەی بەهۆی خواردنی ئەندۆمییەوە گیانی لەدەستدا.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، لە داقوق دوای خواردنی ئەندۆمی؛ منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان گیانی لەدەستدا و خوشکەکەشی رەوانەی نەخۆشخانە کرا.
باوکی منداڵەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای خواردنی ئەندۆمی منداڵەکانی توشی
سکچوون و رشانەوە بوون و یەکێک لە منداڵەکانی گیانی لەدەستداوە.
هاوکات کەسوکارەکەشی دەڵێن، منداڵەکە پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە
گیانی لەدەستداوە و دوای سکاڵای خانەوادەکەی؛ بڕیاڕ دراوە توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی
بکرێت بۆ یەکلایبوونەوەی هۆکاری گیان لەدەستدانەکەی.
لەوبارەیەشەوە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتی داقوق لە لێدوانێکدا بۆ
ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەکرد، بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی
منداڵەکە؛ توێکاری بۆ تەرمەکەی ئەنجام دەدرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، پزیشکانی پسپۆڕی خۆراک رێنمایی دەدەنە هاوڵاتیان
بەگشتی و منداڵان بەتایبەتی تاوەکو لە خواردنی ئەندۆمی دووربن چونکە وەک لە توێژینەوەکاندا
هاتووە جگە لە زیان هیچ سوودێکی ئەوتۆی لەسەر جەستە نییە وهیچ رەگەزێکی خۆراکی
گرنگی تێدا نییە.
دیار محەمەد – کەرکوک