کەسوکاری مامۆستا جیهان چەندین گومان لەسەر گیانلەدەستدانی کچەکەیان دەخەنەڕوو و دەڵێن، مۆبایلەکەی لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نەبووە و لە کاتژمێرێکدا شەش پۆستی بۆ کراوە. دەشڵێن، ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی سوتاوە بەڵام ساڵنامەکەی نەسوتاوە و لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنەکەی سەر ساڵنامەکەوە پەیوەندیان پێوەکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، کەسوکاری مامۆستا جیهان سەبارەت بە مردنی کچەکەیان بە ئێن ئاڕ تیان راگەیاند، چەندین گومان لەسەر گیانلەدەستدانی کچەکەیان دروستبووە و گومانیان هەیە بە رووداوێکی هاتووچۆی ئاسایی گیانی لەدەست دابێت.
کەسوکارەکەی باس لەوە دەکەن، مامۆستا جیهان مۆبایلەکەی
لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدا نەبووە و لە کاتژمێرێکدا لە هەژمارەکەی خۆی لە تۆڕی
کۆمەڵایەتی فەیسبووک شەش پۆستی بۆ کراوە، بەجۆرێک پێشتر پۆستەکان بەشێوەی تایبەت
بوون و تەنها خۆی بینیویەتی، بەڵام لە دواتردا پۆستەکان دەستکاری کراون و هەموو
هاوڕێکانی بینیویانە.
ئاماژەیان بەوەشدا، ئۆتۆمبێلەکە بە تەواوی
سوتاوە بەڵام ساڵنامەکەی نەسوتاوە و لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنەکەی سەر ساڵنامەکەوە پەیوەندیان
پێوەکراوە، کە ئەمە جێی گومانە، چۆن ئۆتۆمبێلەکە بەتەواوی سوتاوە بەڵام ساڵنامەکە
سەلامەتە.
هاوکات، باسیان لەوەش کرد، لەراپۆرتی پزیشکیدا
دەرکەوتووە دەستێکی شکاوە، ئەوە بەهۆی ئەوە بووە، کە دەستی لە دەرگا و جامەکان داوە
و هەوڵی خۆ رزگارکردنی داوە، بەوهیوایەی لەناو ئۆتۆمبێلەکە بێتە دەرەوە، بەڵام نەیتوانیەوە
رزگاری ببێت و گیانی لەدەستداوە.
کەسوکارەکەی ئەوەشیان خستوەتەڕوو، ئەوەی زیاتر
گومانی لەسەر مردنەکەی دروستکردووە هیج شتێک نییە وا لە مامۆستا جیهان بکات بچێتە
ئەو ناوچەیە کە زیاتر لە ١٠٠ کیلۆمەتر
دوورە لەهەولێر، خودی مامۆستا جیهانیش چەند جاریک ئاماژەی بەوە کردووە کە ناتوانێت
بە ئۆتۆمبێل بڕوات بۆ شوێنی دوور.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە
جیهان تەها لە رووداوێکی
هاتووچۆ لە جۆری وەرگەران لە ناوچەی هەڤنکای ناوچەی بارزان ئۆتۆمبێلەکە گڕیگرت بەهۆیەوە
گیانی لەدەستدا، مامۆستا جیهان، نزیکی سێ کاتژمێر پێش مردنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکیدا
نوسیبووی " رێگاکەم بەرەو مەرگە و مەرگ بانگم دەکات"، بۆیە هاوڕێیان و بەشیک
لە مامۆستایانی نزیک لەو مامۆستایە مەرگی مامۆستا جیهان بە گوماناوی دەزانن.