سەردێڕ:

رێنمای نوێ لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ خوێندکارانی پۆلی ١٢

PM:09:47:28/09/2021

8876 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رێنمایى و مەرجەکانی وەرگرتنى خوێندکارانی لە زانکۆ حکومییەکان بۆ ئەمساڵى خوێندن بڵاوکردەوە.


وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاندووە، هەر خوێندکارێک کە فۆرمی وەرگرتن پڕدەکاتەوە مەرج نییە وەربگیرێت و شێوازی وەرگرتنەکەی ناوەندییە (قبوڵ مەرکەزی) و هەژمارکردنی سیستمی کردیت و هەموو خوێندکارێكی ئامادەیی ساڵی رابردوو لە یەك پرۆسەی پشبڕکێدا بەشداردەبن.

باسی لەوەشکردووە، پێشکەشکار پێویستە خوێندکار نەبێت لە هیچ زانکۆ و پەیمانگایەکی حوکمی و ئەهلی و ئەوانەشی ساڵانی رابردوو ناویان هاتووەتەوە، بۆیان نییە داواکاری پێشکەشبکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دەرچووانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بەشی زانستی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری لە کۆلێژ و بەشەکانی (پزیشکی، ئەندازیاری، زانست) دەتوانن تەنیا وانە پەیوەندیدارەکان هەژمار بکەن و وانەکانی دیکە ئارەزوومەندانە دەبێت، بە مەرجێک پێشکەشکاری داواکە لە سەرجەم وانەکاندا دەرچووبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر خوێندکار ناوی لە هیچ کۆلێژێک نەگەڕایەوە، ناوەندی وەرگرتن هەڵدەستێت بە دابەشکردنی ئەو خوێندکارانە بەسەر ئەو کورسییانەی کە لە زانکۆکان بە بەتاڵی دەمێننەوە، بە رەچاوکردنی کەمترین کۆنمرەی وەرگیراو. 

رۆژی ٢٦ی مانگ، وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، وشەی تێپەڕ و نھێنی (پاسۆرد و یوزەرنەیم)ی بۆ سەرجەم دەرچوانی قۆناغی ١٢ ئامادەکردووە و ئاڕاستەی وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەکان کراوە تا بەسەر خوێندکاراندا دابەشبکرێت.

دوێنێش، لیژنەی باڵای وەرگرتن لە وەزارەتی خوێندنى باڵای هەرێم کۆبووەوە و وەزیرى خوێندنى باڵای هەرێم زانکۆکانی ئاگادارکردنەوە کە دەبێت بەڕەچاوکردنى کوالێتى، زۆرترین دەرفەتى خوێندنى گشتى بڕەخسێنن.


بۆ بینینی تەواوی رێنمایی و مەرجەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا کلیک بکە

 













گەلەری