نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عێراق و تورکمانستان گرێبەستێکی دابینکردنی غازیان واژوو کردووە، ئەوەش بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وزەی کارەبا لە عێراقدا.
رۆژی شەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، عێراق و تورکمانستان گرێبەستی دابینکردنی غازیان واژوو کردووە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی وزەی کارەبا.
هاوکات، پێشتریش محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە
وڵاتانی ئوردن و تورکمانستان و رووسیا و ئیمارات و سعوودیە کۆ بووەتەوە بۆ پڕکردنەوەی
پێداویستییەکانی کارەبا و هەماهەنگیی ئابووریی عێراق.
ئەمجەد ڕەواشد بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای نیشتمانیی ئوردن پاش کۆبوونەوەیەکی
لەگەڵ سەرۆک وەزیران عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی بەستنەوەى کارەبای ئوردن بە عێراقەوە
بە پێی پلانەکان دەڕوات و لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەست دەکرێت بە دابینکردنی کارەبا.
بڕیاریشە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چەند ڕۆژى داهاتوودا
سەردانی مۆسکۆ بکات و لەوێ چاوى بە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکى رووسیا بکەوێت و ئامانجی
سەردانەکە تاووتوێکردنی هەماهەنگیى ئابووریى و وزەی عێراقە.
ئەمەش لە کاتێکدایە محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوە کردبوو، حکومەتى عێراق
سەرقاڵى بەستنەوەى کارەباى وڵاتەکەیەتى بە وڵاتانى کەنداو، هەریەک لە سعوودیە و ئیمارات
ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە تا کۆتایى ئەمساڵ پڕۆژەى بەستنەوەى کارەباى عێراق بە وڵاتەکانیانەوە
تەواو بکەن.