سەردێڕ:

بەهۆی زۆری رێژەی باران بارینەوە بەنداوەکانی باوە شاسوار و دێوانە سەرڕێژ بوون

PM:12:32:09/03/2023

10924 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەی لە دوێنێوە زۆرینەی شارەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە دوو بەنداو لە هەرێم سەر ڕێژبوون.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەهۆی زۆری رێژەی باران بارینەوە هەریەک لە بەنداوەکانی باوە شاسوار لە کفری و دێوانە لە دەربەندیخان سەرڕێژ بوون.

بەنداوی باوە شاسوار دەکەوێتە باكوری شاری كفری لە ساڵانی رابردوودا لەکاتی سەرێژبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن مەتری سێجای لەخۆی گرتووە و هاوکات ساڵی پاریش بەنداوەکە سەرڕێژبوو. لەدوای بەنداوی دوکان و دەربەندیخان و دهۆک، یەکێکە لە بەنداوە گەورەکان.

بەنداوی دێوانەش دەكەوێتە باشووری شارۆچكەی دەربەندیخان، ٤٢ مەتر بەرز و ٢٦٠ مەتر پانە، توانای گلدانەوەی ٢١ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ماوەی نزیکی دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە بەیانی دوێنێ چوارشەممەوە، شەپۆلەکە لەسەر هەندێک ناوچەی هەرێم چڕتر بووەتەوە و بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقە ئەو ناوچانەی گرتووەتەوە. بە جۆرێک لە چەند شوێنکدا لافاو دروستبوو و لە چەند گەڕەکێکی سلێمانیش ئاو چووبووە خانووەکانیانەوە. لە شاری کەرکوکیش دایکێک و دوو منداڵی بەهۆی داڕمانی خانووەکەیان گیانیان لەدەستدا.













گەلەری