گرتنەكەی عەجاج و هەندێ زانیاری نەبیسراو
PM:01:55:01/08/2025
1552 جار خوێندراوەتەوە
لهتیف فاتیح فهرهج
+
-
ئەمڕۆ
ڕاگەیەنرا كە عەجاج گیراوە، پێرێ شەو هەواڵەكەیان پێدام و داوای ئەوەش كرا جارێ
باس نەكرێت، هەڵبەت چەند گەواهیدەرێكیش ڕۆژانی بەرێ چووبوون بینیبویان، عەجاج لەم
هەموو ساڵەدا چەندین شوێنی كردووە و نەشتەرگەری جوانكاریشی كردووە كە نەناسرێتەوە،
ساڵی ٢٠٠٣ چەند میدیاكارێك عەجاجیان بینیبوو، گفتوگۆشیان لەگەڵ كردبوو، بەڵام
دواتر ئەو بابەتەیان شاردەوە و باس نەكرا، من خۆم چەند جارێك داوای دیدارەكەم كرد
پێم نەدرا تەنانەت داوای ئەوەم كرد وێنەیەكم بدرێتێ، ئەوەشیان بە بیانوی دیار
نەبوونەوە پێنەدام.
لە ساڵانی
ڕابردوودا چەند جارێك هەواڵی مردنی بڵاوبووەوە، هەموو جارێكیش هەواڵەكە بە درۆ
دەخرایەوە، ئێمە تیمێك بووین لە ساڵی ٢٠٠٣ سۆراغی زۆری ئەومان كرد، بەڵام شتێكی
ئەوتۆمان دەستنەكەوت، عەجاج جەلادی هەرە دیاری نوگرە سەلمان بوو، قوربانیەكان
هەمیشە لەگەڵ ناوی عەجاجدا ناوی سەگە رەشەكانی بیابانیشیان دەهێنا، نزیكی دوو
ساڵێك لەمەوبەر لە بەغدا بووم لای مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی، ناسیاوێك
یەكێك لە جاشە خوێنڕێژەكانی كوردستانی نیشاندام، كە لەوێ خۆی وەك موسوڵمانێكی
عەیارە بیست و چوار نیشاندەدا، بە داخ بووم لەوەی كە ماوە، لەگەڵ چەند دۆستێك باسی
ئەوەم كرد كە نەدەبوو ئەو جەلادە لە ژیاندا بێت، برادەرێك وتی تۆ چی دەڵێیت خۆ
عەجاجیش لە ژیاندایە و كەسیش پێی ناڵێت پشتی چاوت برۆیە.
ئێستا كە عەجاج
گیراوە و ڕۆژی ڕاگەیاندنی گرتنەكەی كەوتە ڕۆژی جینۆسایدی بارزانیەكانەوە، زۆر
گرنگە دادگایی بكرێت، من پێرێ شەو بەو دۆستەم وت، هەقە داوابكرێت بهێنرێتەوە بۆ
كوردستان و لێرە دادگایی بكرێت، وتی نەكەی لە ڕێی خودا پێشنیازی وانەكەیت، نەبا
وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچێت، بیرم لە قسەكەی كردەوە كە یەك ئامر مەفرەزە و
موستەشار دادگای نەكراو پارتی و یەكێتی تەنانەت پاكانەیان بۆ جەلادەكانی بەعس
دەكرد وتم دیارە ئەو ئەو قسەیە لە خۆیەوە ناكات.
هیوادارم بەر
لەوەی عەجاج تووشی هەر ڕوٍوداوێك بێت هەموو ئەو زانیاریانەی لایەتی لێی وەربگیرێت،
بەتایبەت كوشتنی ئەو سەدان كەسەی قەڵای سەلمان، كە من خۆم لیستێكم لایە هەموویان
یەك هۆكار بۆ مردنەكەیان نوسراوە، ئەو لیستە ئەوانەن كە نەخۆشخانەی سەلمان ناوی
نووسیون، نەك ئەوانەی لەناو قەڵاكە مردوون و هەر لەو دەوروبەرە خراونەتە نێو خۆڵی
بیابانەوە.