سەردێڕ:

برای ئاشبەتاڵ!

PM:05:28:01/08/2025
11464 جار خوێندراوەتەوە
عبدالباسط عمر حمد
+ -

میللەتی کورد، دوای خەباتی دەیان ساڵە و پاش ئەو هەموو بەرخودانەی باشوور، بە چی گەیشتووە؟ لەجیاتی حکومەتێکی بەهێزی یەکگرتوو، دوو ئیدارە و دوو زۆنی زەرد و کەسک! لەبری ژێرخانێکی ئابووری پتەو، برەودان بە کەرتی تەندرووستی گشتی، پێشخستنی سیستمی زانکۆکان و وەزارەتی پەروەردە، ژێرخانێکی داتەپاو و سیستمێکی تەندروستی پاشکەفتە و شێوازێکی داڕزاوی خوێندن و پەروەردە.

لە جیاتی حکومەت، دەستووری دیوەخان و لەجیاتی یاسا، حەز و میزاجی سەرۆکی خێڵ و لەبری دادگا بڕیاری دواکەوتوانەی سەرۆک عەشیرەت. دوای ئەو خەبات و قوربانیدانەی گەلەکەمان، گەیشتین بە کوێ؟! تونێلێکی داخراوی ئەوسەرگیراو بە دزی لە داهاتی گشتی، خۆدەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی ڕەشوڕووت و هەژارەکان، تاڵانکردنی دەرامەتی سەرزەمین و ژێرزەمین، بووین بە خاوەنی حکومەتێکی تاڵانکەری مووچەدزی گیرفانبڕ.

لە هەڕەشە و گوڕەشەی ریفراندۆم و جیابوونەوەوە، بۆ پاڕانەوە و ملکەچکردن بۆ بڕیاری بەغدا. لە ئابووری سەربەخۆوە، بۆ مەمنوونبوون و داواکردنی شایستە داراییەکان لە حکومەتی مەرکەزی. لە بانگەشەی درۆینەی هەولێر ئەکەین بە دوبەی، بۆ پیسی و بۆگەنی ئاو هەوا و کەشەکەی. لە دامەزراندنی سیستمێکی دادپەروەرانەی باج و کرێ و ڕسوماتی حکومییەوە، بۆ کۆمپانیای تایبەتی گرووپەکانی بنەماڵەکان و بەشینەوەی داهات و دەسکەوتی تەواوی کەرتەکانی حکومەت بەسەر مناڵ و تواڵی بنەماڵەکانی خۆیاندا.

ئاخر پێم ناڵێن، کامەیە دەسکەوتی نیشتیمانیتان؟ کوا خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەکی ئاو و کارەبا و جادەوبانی پێشکەفتی؟ ئێوە نەک سەرکردە نەبوون و نین، بەڵکو فەرهوودچی نەوەتەکان و دزیاری نەفت و گازی هەنووکەن! ئێوە ڕەگی گولیین بە شادەماری ژیان و گوزەرانی میللەتەکانەوە. ئێوە ئەبێ بار بکەن و بڕۆن... بڕۆن ناوچەوانی خۆتان ڕەش بکەن و پاشەڵی پیستان دەرخەن، شکستتان هێناوە و ئەمان شکست.

بڕۆن و بەر بە دواوە نەکەن، کاتی ئاشبەتاڵی سەدەی بیستویەکتانە و لە دڵی جەماوەردا، بوونە بە چیرۆکێکی بێزراو. وەک ساڵی ١٩٧٥ جارێکی دی، کلکتان بخەنە نێو گەڵتان و ئاشبەتاڵێکی نوێی لێ بکەن و سا بەڵکو خودایە کەمێک ئێمەش ئاسوودەبژین و هەوای ئازادی هەڵمژین!

 

 

گەلەری