سەردێڕ:

تەواوی زانیارییەکان لەسەر هاورێ ئەنوەر؛ منداڵە ونبووەکەی هەڵەبجە

PM:10:53:15/02/2023

121028 جار خوێندراوەتەوە

ئەو منداڵە ونبووەی لەم دواییانەدا دەرکەوت و وتی کوڕی خێزانێکی هەڵەبجەییە لەلایەن "باوکییەوە" وەک خۆی دەڵێت مەحمود فەتاح باوکمە، بەڵام ئەو وەک کوری خۆی قبوڵی ناکات و گومانی لە پشکنینەکان هەیە و داوا دەکات لە دەرەوەی وڵات پشکنین بکرێت، ئەم باسە بووەتە پرسێکی گەرم و زامی هەڵەبەجەییەکان و چیرۆکەکەیانی هێنایەوە بەرچاو.


هاورێ ئەنوەر لە دوای ئەوەی بۆی ئاشکرا دەبێت کە منداڵێکی ونبووی هەڵەبجەیە و لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ ونبووە، دەگەڕێتەوە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و پشکنینی بۆ ماوەیی ئەنجام دەدات و بە قسەی خۆی خێزانی راستەقینەی خۆی دۆزیوەتەوە و کەسوکاری لە لای دایکییەوە پشکنینەکانیان قبوڵکردووە بەڵام باوکی قبوڵی نییە.

هاورێ دەڵێت، لە کاتی کیمابارانکردنی هەڵەبجە تەمەنی دوو ساڵ بووە و ناوی راستەقینەی خۆی کوردەوانە، لە کاتی ونبوونی لەلایەن ئەفسەرێکی عێراقییەوە هەڵگیراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠٢١ بۆی دەرکەوتووە کە کوری ئەو ئەفسەرە نییە و یەکێکە لە منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە.

هاورێ بۆ ماوەی ساڵێک بەدوای خێزانی راستەقینەی خۆیدا گەڕا و پاشان پشکنینی بۆماوەیی لە بەغدا ئەنجامدا و بۆی دەرکەوت کوری خێزانێکی هەڵەبجەییە، بەڵام لە ئێستادا باوکی راستەقینەی هاورێ پێی دەڵێت، "تۆ کوری من نیت و لە کاتی خۆی کورەكەی خۆمم بە دەستی خۆم بە خاک سپاردووە."

کەسوکاری هاورێ لەلایەنی باوکییەوە گومانیان لە راستی پشکنینەکە هەیە و دەیانەوێت لە دەرەوەی وڵات دووبارە پشکنینی بۆ ماوەیی بۆ هاورێ ئەنجامبدرێت، لە بەرامبەردا کەسوکاری ئەو کورە لەلایەنی دایکییەوە دەڵین، "ئێمە ئەنجامی پشکنینەکەمان قبووڵە و دڵنیاین هاورێ کوری بنەماڵەی ئێمەیە."

كێشه‌ى به‌هه‌ڵه‌داچوونى پشكنینی بۆ ماوەیی بۆ منداڵه‌ دۆزراوه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ مێژوویه‌كى چه‌ند ساڵه‌ى هه‌یه‌ و وه‌ به‌بێ دۆسیه‌كه‌ى هاوڕێ و كورده‌وان له‌كۆى ئه‌و ١٠ منداڵه‌ى كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌، دوانیان پشكنینه‌كانیان هه‌ڵه‌ ده‌رچوون و ئه‌نجامى پشكنینه‌كانى هه‌ڵوه‌شاندوونه‌ته‌وه‌.

هاوڕێ ئەنوەر دەڵێت، دوای ئەوەی براومەتە خانەی بێسەرپەرشتان لە بەغدا لەوێ ناوی وەلیدم لێ نراوە و دواتریش لەلایەن خێزانێکی خەڵکی کەرکوکەوە هەڵگیراومەتەوە و بەخێوکراوم، بەڵام دوای ئەوەی ئەو باوکەی هەڵی گرتوومەتەوە کۆچی دوایی کردووە، ئەوا لە میرات بێبەشکراوم و پێیان راگەیاندووم کە کوڕی ئەو خانەوادەیە نیم و خەڵکی هەڵەبجەم و بچم بەدوای خانەوادەکەمدا بگەڕێم.













گەلەری