سەردێڕ:

لەکاتی روودانی بومەلەرزەدا؛ چۆن خۆت بپارێزیت؟

PM:10:51:06/02/2023

38920 جار خوێندراوەتەوە

بوومەلەرزە رووداوێکی سروشتییە و لە ئەنجامی جوڵانی پلێتەکانی زەوی و شکانی توێکڵی زەووی روودەدات و بەپێی گوڕی بومەلەرزەکە کە لە نێوان ١ تاوەکو ١٠ بەپێوەری رێختەر رێکخراوە، کاریگەرییەکەی دەگۆڕێت.


بوومەلەرزە لە پلەی ١ تا ٤ بە شێوەی جیاواز هەستی پێدەکرێت و زیانی نییە. لە پلەی ٤ تا ٦ بە تەواوی هەستی پێدەکرێت هەندێک جار زیانی کەمی دەبێت. لە پلەی ٦ بەدواشەوە زیانی دەبێت و لە ٧ زیاتر دەشێت وێرانکەر بێت.

لەبارەی رێگاکانی خۆپاراستن لە ئەگەری روودانی بومەلەرزەدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم چۆنییەتی خۆپاراستنی لەکاتی روودانی بوومەلەرزەدا بڵاوکردووەتەوە:

١- لە کاتی روودانی بومەلەرزەدا دەبێت ئەو کەسانەی نیشتەجێی باڵەخانە بەرزەکانن بچنە ژێر مێزێک یاخود مۆبیلیاتی ئەستوور یاخوود چوونە گۆشەیەکی ژوورەکە و دوورکەوتنەوە لە پەنجەرە، ئەوانەشی نیشتەجێی خانوون، تاوەکو دەتوانن بچنە دەرەوەی ماڵەکان.

٢-دوورکەوتنەوە لەو جێگایانەی کە شتی قورسیان پێدا هەڵواسراوە و ئەو جێگایانەی رەفەی تێدایە و ئاگاداربوون لە داڕمانی سەقفی لاوەکی.

٣- هەندێک شتی پارێزەر بخرێتە سەر سەر و لەکاتی دەرچووندا قادرمە بەکاربهێنرێت گونجاوترە.

٤- نەگەڕانەوە بۆناو باڵەخانە تا لە سەلامەتی دڵنیا دەبیتەوە.



بەرگری شارستانی سلێمانیش ١٨ رێنمایی بڵاوکردووەتەوە، کە ئەمانەن:

١. چۆڵکردنی ماڵ و باڵەخانەی نیشتەجێبوون دەستبەجێ و وەستان لە گۆڕەپانە چۆڵەکاندا..

٢ . دوورکەوتنەوە لە پەنجەرە شوشەکان بە مەودایەکی پارێزراو لە کاتی چۆڵکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون.

٣. بە هیچ شێوەیەک سەرنەکەون بۆ سەربانی ماڵ و باڵەخانەکان.

٤. دوور کەوتنەوە لە دیوار و سیاج و ستارەی سەربانی ماڵان، بالکۆن، هەر جۆرە سەقفێکی تر و تابلۆی ریکلامی هەڵواسراوی سەر باڵەخانە بەرزەکان.

٥. دوور کەوتنە لە ستونی هێڵی کارەبا و درەختە بەرزە وشکبووەکان.

٦. لە کاتی ڕوودانی (داڕووخان) بە تایبەتی باڵەخانە بەرزەکان تا بتوانن دووربکەونەوە لە ئەگەری ڕوودانی هەر داڕمانێکی زنجیرەیی.

٧. وەستاندنی ئۆتۆمبێل و دابەزین لێی، دووربوون لە ترس و دڵەڕاوکێ، تا بتوانن دووربکەونەوە لە وەستان لە سەر پرد و ژێر پرد و باڵەخانەی بەرز و ناو تونێلەکان.

٨. پێویستە کارمەندانی دامەزراوەکانی دەوڵەت هێمن و لەسەرخۆبن لە کاتی چۆڵکردنی فەرمانگەکانیان و پاڵنەنێن بە یەکەوە لەکاتی دەرچوون لە دەرچەکان دا.

٩. ئەگەر کەسێک لە دەرەوەی ماڵ بوو پێویستە مەودا و ڕووبەرێکی زۆر نەجوڵێت بۆ گەڕان بەدوای گۆڕەپانی چۆڵدا و پاش چاوەڕوانی ئەوجا بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.

١٠. دوورکەوتنەوە لە باڵەخانەی نیشتەجێبوون و باڵەخانە نهۆم بەرزەکان لەبەرئەوەی زۆرترین کاریگەریان دەکەوێتە سەر لەکاتی زەمین لەرزەدا.

١١. بەکارنەهێنانی ئەسانسۆری کارەبایی لەبەر ئەگەری تێکچوون و کەوتنەخوارەوە بە تایبەتی ئەگەر کارەبای لێ ببڕێت.

١٢. لەکاتی تەواوبوونی زەمینلەرزەدا پێویستە بۆ ماوەیەکی کەم بووەستین لەبەرئەوەی لەوانەیە لە کاتی تەواوبوونیدا جوڵە (لەرزە)ی گەڕاوەی تر بەدوای خۆیدا بهێنێت.

١٣. دوورکەوتنەوە لە کەنار دەریاکان لەبەرئەوەی زەمین لەرزەکان زۆرجار بەرزبوونەوەی شەپۆلەکان (تسۆنامی) لەگەڵدایە.

١٤. بە شێوەیەکی دەروونی خۆت ئامادە بکە بۆ زەمینلەرزەی دواتر و ڕوودانی بە دوور مەزانە.

١٥. پێویستە مامۆستایان خوێندکاران هێوربکەنەوە و بیانبەنە دەرەوە لە پۆلەکانیان بۆ گۆڕەپانی قوتابخانە یاخود گۆڕەپانی چۆڵی دیکەی نزیک لە قوتابخانە.

١٦. لەسەر خاوەن کارگەکان پێویستە شوێنی کارەکانیان چۆڵ بکەن لە کرێکار، هەروەها سەرچاوەی کارەبا و بکوژێننەوە و قفڵی خەزانی غاز و سوتەمەنیەکان بگرنەوە هەمان رێکار بۆ یەکەکانی نیشتەجێبوون و ماڵیش پێویستە.

١٧. لەسەرخۆبە و خۆت شپرزە مەکە و بە شێوەیەکی دروست مامەڵە بکە لەبەرئەوەی زەمینلەرزە رووداوێکی سروشتیە و پێویستە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت هەر وەک پێناسەکراوە بەوەی کە بریتییە لە هێزێکی مت (شاراوە)ی زیادە لە زەویدا کە ئازادبوونی (دەرچوونی ئەو هێزە) بە شێوەیەکی لە پڕە.

١٨. پێویستە بە زووترین کات پەیوەندی بکرێت بە هێڵی کۆنترۆڵی بەرگری شارستانی ١١٥ کە بێ بەرامبەرە بۆ هەموو تۆڕەکان لە ئەگەری ڕوودانی ڕووداوی نەخوازراودا.
کـ.کـ
هـ.ئـ













گەلەری