سەردێڕ:

ئەلمۆنیتەر: ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی ململانێی پارە و دەسەڵاتە

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم
AM:11:46:10/12/2022

6208 جار خوێندراوەتەوە

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی لە راپۆرتێکی شیکاریدا کە رۆژنامەوان ئەمبریان زەمان ئامادەیکردووە باس لە ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەلایەک و کارەکتەرە سەرەکیەکانی نێوا حزبەکە لە سەر پارە و دەسەڵات دەکات.


راپۆرتەکە بەمە دەستیپێکردووە: گرژییەکان زیاتر گەشەیانکرد کاتێک فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر و هەواڵگری لە ٧ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا. لەو بارەیەوە بیلال وەهاب ئەندام لەپەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە، "گیانلەدەستدانی ئەو فەرماندەیەی دژەتیرۆر "هاوکار" کەوتنی یەکەم پولی دۆمینەکەیە و ئەوانیتر بەدوای خۆیدا دێنێت."

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، رەنگە زیادەڕەوی لەم جۆرە ترسانەدا بکرێت، بەڵام گومان دەکرێت قەیرانەکە لە خراپترین ئاستی ساڵانی رابردوویدا بێت، کە ئەمەش رۆڵی کورد بەرامبەر حکومەتی نوێی محەمەد شیاع سودانی لاواز دەکات، کە دەخوازن لەسەر دۆسیەی نەوت بگەن بەڕێککەوتن و یاسایەکی نوێ سەبارەت بە دۆسییەی نەوت و گاز دابڕێژن و بەشەبودجەی هەرێم لە بودجەی عێراقدا دیاری بکرێت. ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو بەغداد فشارەکانی سەرهەرێمی زیاتر کرد و هەڕەشەی دادگاییکردنی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی کرد لە هەرێمی کوردستان.


چارەسەرنەکردنی گرفتەکان

راپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، شیکەرەوانی سیاسی لەو بڕاویەدان چارەسەرنەکردنی گرفتەکان و بەردەوامییان دەبێتە هۆی زاڵبوونی ئێران بەسەر هەرێمی کوردستاندا وەک ئەوەی تورکیا دەیکات بەکردنەوەی بنکەی سەربازی زیاترلە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەڕدایە. یەکێکی دیکە لە مەترسییە شاراوەکان ئەوەیە هەرێمی کوردستان لەنێوان دوو ناوچەدا دابەشبووە، ناوچەی زەردی دەوڵەمەند لەژێر دەسەڵاتی پارتیدا کە تورکیا تێیدا باڵادەستە و ناوچەی سەوزی هەژار لەژێردەسەڵاتی یەکێتیدا کە ئێران تێیدا باڵادەستە؛ بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم خەونی سەربەخۆیی کوردستاندا.

راپۆرتەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەکۆتا چاوپێکەتنیدا ئاماژەی بەوەکردووە، شکستهێنانی هەردوو حزب لە چارەسەرکردنی جیاوازییەکاندا، پێویستی بە چارەسەری جیاواز هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەردوولا جەخت لەوە دەکەنەوە تەنها بەنێوەندگیری ئەمریکا دەتوانرێت کۆتایی بە ناکۆکی و جیاوازییەکان بهێنرێت، وەک ئەوەی لە ناوەڕاستی ساڵی نەوەدەکاندا ئەنجامدرا، بەڵام لەدوای هێرشەکانی روسیا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بۆسەر ئۆکرانیا ئەمە لە بەرنامەی لەپێشینەی کارەکانی ئەمریکا دابەزیوە.
لەو بارەیەوە ئیلینا رۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندووە، ماوەیەکە داوای لەلایەنەکان کردووە کە کەمێک هێمن بن. 
لەماوەی ٣٠ ساڵدا و لەوکاتەوە کوردەکان حکومەتێکی سەربەخۆیان لەژێر پارێزگاری ئەمریکادا دامەزراندووە.
ئەو رۆژنامەنووسە لە زاری خوێندکارێکی زانکۆوە کە لە سلێمانی دەخوێنێت لەبارەی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییەوە دەڵێت، "بازگەکانی نێوانیان جیاوازە و وەک ئەوەیە لە وڵاتێکەوە بچیتە وڵاتێکی دیکە، کە ئەمەش ئەوپەڕی شەرمەزارییە و وەک ئەوەیە کوردستانێک بوونی نەبێت."

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، خراپی رێگاوبانی نێوان هەولێر سلێمانی و نەبوونی هێماکانی هاتوچۆ و خواروخێچییەکانی رێگاکە وەک ٣٠ ساڵی رابردووە و جیاوازە لە شەقامە درەوشاوەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و شەڕی نێوان دوو حزبەکە شەڕی پارەو دەسەڵاتە. هاوکات، یەکێتی لە مێژە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پشکی خۆی لێوەربگرێت.

هەر لەو بارەیەشەوە، بێستون سەعید یەکێک لە فرۆشیارانی بازاڕێکی سەرەکی لە سلێمانی وتی، ئەوەی لە چاوپێکەوتنەکاندا لەسەر شەقامەکانی شارەکانی هەرێم دەبینرێت ئەوەیە خەڵکی هەرێم ناڕازین.

 



شەڕی ئامۆزاکان

راپۆرتەکە شیکردنەوەی دیکەشی بۆ دۆخی هەرێم کردووە و تیایدا باس لەوەدەکات، تەنگژەکان بەتەنها لەنێوان پارتی و یەکێتیدا نین بەڵکو لەنێوان خودی بنەماڵەکانیشدا هەن وەک ئەوەی لەنێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و برازای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی و کوڕە گەورەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینرێت، ئەوەش بەئاشکرا دەرکەوت کاتێک لەساڵی ٢٠١٩دا مەسرور بارزانی شوێنی نێچیرڤان بارزانی گرتەوە و کرایە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو کاتە بەدواوە مەسرور بارزانی لە کاریگەرییەکانی نێچیرڤان بارزانی کەم کردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری لە کەسایەتییەکانی حکومەتەکەی گۆڕیوە.

سنوردارکردنی دەسەڵات
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، چاودێرێکی سیاسی نزیک لە بارزانییەکان دەڵێت، مەسرور بارزانی سەرەتا بە متمانە و دواتر بە توانا کاردەکات وهەوڵدەدات
 تۆڕی پاڵپشتی نێچیرڤان بارزانی بە کەسانی نزیک و تۆڕی پاڵپشتی لەخۆی بگۆڕێت، باڵا دەستی مەسرور لەدوایین کۆنگرەی پارتیدا زیاتر دەرکەوت کاتێک لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی وەک جێگری دووەمی سەرۆکی حزبەکە دەستنیشاکرا و چەند کەسێکی نزیک لەو وەک کارگێڕی مەکتەبی سیاسی حزبەکە دەستنیشانکران، هەندێک لەو بڕوایەدانلەپێناو دروست نەبوونی ململانێی زیاتر لەناوخۆی حزبەکەدا، دەسەڵاتی تەواو بە مەسرور بارزانی لەلایەن مەسعود بارزانییەوە نەدراوە. 

بەپێی راپۆرتەکە، ململانێی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ گرتنەدەستی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق زیاتر بوو، هەروەها بافڵ تاڵەبانی توانی رێگاکەی پاکبکاتەوە و خۆی وەک تاکە سەرۆکی یەکێتی ناساند و بە هاوکاری نێچیرڤان بارزانی توانی لاهور جەنگی ئامۆزای لە کودەتایەکدا بەبێ خوێنڕشتن لە حزبەکە دوور بخاتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە لاهور شێخ جەنگی کوژرانی هاوکار جافی فەرماندەی دژەتیرۆر بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی دەزانێت، دواتر بە فەرمانی مەسروربارزانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەوکەسانە دەرچوو کە بەتۆمەتی تێوەگلانیان لە کوشتنی هاوکارجافدا تێوەگلابوون و ئەمەش گرژیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زیاترکرد.

 


لەبارەی هێرشەکانی ئێران و تورکیاوە بۆسەر هەرێم
راپۆرتەکە رایگەیاندووە، 
کوردستانی عێراق بەدرێژایی دەیان ساڵە لە چاوی رؤژئاواییەکانەوە وەک عێراقی دووەم دەبینرێت، ئەمڕۆ کوردستانی عێراق لەژێر هێرشدایە، لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئێران ژمارەیەک هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە و سنوورەکانی بەزاندووە و تەنانەت هێرشی موشەکی کردووە تەسەر پایتەختی هەرێمی کوردستان. کە
لە دوایین هێرشدا حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات کە لە هەرێمدان کردووەتە ئامانج، ئەوەش لەکاتێکدایە تاران ئەوان بە هۆکاری نائارامیی و ناڕەزایەتییاکانیان دەزانێت لە خاکی وڵاتەکەیدا، بەتایبەت لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی کە کچە کوردێکی ئێرانی بوو لە ژێر لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانی لە ١٦ی ئەیلولی ئەمساڵدا گیانی لەدەستدا.

راپۆرتەکە باسی هێرشەکانی ئێرانی کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو، بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بۆسەر هەرێم دەیان کەس کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەن گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش وایکرد یەکێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان خزمەتگوزارییەکانی لەبواری گواستنەوە بۆهەولێر رابگرێت. لەئێستاشدا ئێران هەڕەشەی هێرشی زەمینی دەکات ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامبێت لە پشتگوێخستنی داواکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ داماڵینی چەک لە حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵات، کە لە هەرێمندان و بەشێکی بەرپرسانیش ئەوە بە کارێکی ئەستەم لە قەڵەمدەدەن.

 


 

 














گەلەری