سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ وڵاتێک بۆی نییە هێرش بکاتە سەر هیچ وڵاتێک بەگوێرەی بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام روسیا دەستیکردووە بە هێرش بۆ سەر ئۆکرانیا و ئێستاش دەیەوێت لە رێگەی جوداخوازەکانەوە ریفراندۆمێکی بێمانا ئەنجامبدات بۆ لکاندنی بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بە روسیاوە.
جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لەمیانەی قسەکانیدا لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نەتەوە یەکگرووەکان ئاماژەی بەوەکرد، کە ناکرێت وڵاتێک بیەوێت وڵاتێکی دیکە داگیربکات و هیچ کاردانەوەیەکش لەبارەیەوە نەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، ئەوان پابەندی بنەماکانی پەیاماننامەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبن و دەبێت شکۆی وڵاتان و
خەڵکی پارێزراو بێت و ئۆکرانیش هەموو ئەو مافانەی هەیە کە هەر وڵاتێکی دیکە هەیەتی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەمریکا هاوکاری
ئۆکرانیای کردووە و لە ئێستا و داهاتوشدا دەیکات و بەهەمان شێوەی هاوکاری چەندین
وڵاتی دیکەیان کردووە لەسەر ئاستی جیهان.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا بڕی
٦٠٠ ملیار دۆلاری لە پرۆژەیکدا بۆ روو بەرڕووبوونەوەی گۆڕانکاری کەشوهەوا دابین
کردووە و هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو جیهان بەرەوە بەکارهێنانی وزەی پاک "هاورێی
ژینگە" هەنگاو بنێت ئەم هەوڵانەش لە پێناو پاراستنی نەوەکانی داهاتووە.
باسی لەوەشکرد، داوا لە وڵاتانی خاوەن دانەوێڵە دەکەن هاوکاری وڵاتە
هەژارنشینەکان و برسییەکان بدەن و ئەمریکاش تەکنەلۆژیای خزمەتی مرۆڤایەتی و
دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی دەخاتە گەڕ.
جۆ بایدن ئاماژەی بەوەشدا، جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیا بووە هۆی
دروستبوونی چەندین قەیرانی ئابووری لە جیهاندا و هەندێک لەو وڵاتانەی دووچاری
قەیرانی ئابووری بوونەتەوە توانای روو بەڕووبوونەوەیان کەمە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، ئەمریکا وڵاتی تایوان وەک وڵاتێکی سەربەخۆ
ناناسێنێت و هەمیشە هاودەنگە لەگەڵ چیندا و تاکە هەڵوێستیان بریتییە لە
قبوڵنەکردنی دەستدرێژی بۆسەر تایوان.
دەشڵێت،"
ئەمریکا هەوڵدەدات دوو دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ هەریەکە لە وڵاتی ئیسرائیل و فەڵەستین
پێکبهێنێت و پشتیوانی ئاسایشی ئیسرائی بۆ ئێمە گرنگە."