سەردێڕ:

یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە واژۆکرا

PM:06:20:21/09/2022

2420 جار خوێندراوەتەوە

سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتیی و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نوێکراوەی نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و وەزارەتی پێشمەرگەیان واژوو کرد کە تایبەتە بە بەردەوامیدان بە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا.


لە راگەیەندراوە ھاوبەشەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦دا واژوو کرا، رەنگدانەوەی ھەماھەنگیی دوورمەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی ھەرێمی کوردستانی عێراق و پابەندیی ھاوبەشیشیانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە لە رێگای ئەم یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندیی خۆی بۆ پشیوانیکردنی رۆڵ و بەشداریی ھێزەکانی پێشمەرگە دووپاتدەکاتەوە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشکاندنی داعشدا وەک پێکھاتەیەکی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق.

باس لەوەش کراوە، ھەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لە بواری چاکسازیی بنەڕەتیی دامەزراوەکاندا بە دەست ھاتوون و ھەمیش پابەندیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی ھێزەکانی لەخۆدەگرێت.

جەختیش کراوەتەوە لەسەر ئەوەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شانبەشانی خەڵکی عێراق لە ناویشیاندا خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەوەستێت لە کاتێکدا عێراقێکی بەھێز، سەقامگیر و خاوەن سەروەری بنیاد دەنێن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، شاندێکی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتیی، بەمەبەستی واژووکردنی یاداشتنامە لێکتێگەیشتنەکە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، گەیشتە ھەولێر.

هاوکات، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ياداشتى لێكتێگه‌يشتنی پێشمەرگە و پێنتاگۆن‌، کاریگەری دەبێت لەسەر هاوبه‌شه‌ ئه‌مريكييه‌كانیان، بۆ پڕکردنەوەی پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و هاوكاریکردنیان و پشتيوانیان بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.













گەلەری