دوای ئەوەی کچێک بەناوی زینەب عیسام ماجد لە قەزای ئەبو غرێب رۆژئاوای بەغدا بەھۆی تەقەکردنی ھەڕەمەکییەوە گیانی لەدەستدا، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کردووەتەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوەداوە کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، پەڕاوی لێکۆلینەوەی لە رووداوی گیانی لەدەستدانی زینەب عیسام ماجد لە قەزای ئەبو غرێب کردووەتەوە کە بەھۆی تەقەکردنی ھەڕەمەکییەوە گیانی لەدەستداوە.
راشیگەیاندووە،
لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرپەرشتیی رێڕەوی لێکۆڵینەوەکە دەکەن کە دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە
و ھۆکارەی رووداوەکە بۆ رای گشتیی بڵاودەکرێتەوە، ھەروەھا رێوشوێنی یاسایی پێویست
بەرامبەر ھەر کەسێک دەگیرێتەبەر ئەگەر سەڵمێندرا لە رووداوەکەدا، تێوەگلاوە.
پێشتر میدیاکانی
عێراق بڵاویان کردبووەوە، رۆژی ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە کاتی راھێناندا لە بنکەی سەربازیی
ئەمریکا "ڤێکتۆریا" کە لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدایە، تەقەیەکی
زۆر کراوە و لەوکاتەدا زەینەب عسام ماجد گولـلەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
دوێنێ سێشەممە
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق، لە
تويتێکدا ھێزەکانی ئەمریکای بە کوشتنی زینەب عیسام ماجد تۆمەتبار کرد و داوای کرد
بەپەلە لێکۆڵینەوە لە کوژرانی زینەب عیسام ماجد تەمەن ١٥ ساڵدا بکرێت کە بەھۆی
گولـلەی ھێزەکانی ئەمریکاوە کوژراوە.