سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی لەسەر پرسەکانی ناوخۆی هەرێم کۆدەبنەوە و دەشڵێت، "یەکێتی دەستبەرداری پۆستی سەرۆک کۆمار نابێت."
هەرێمی کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، هیچ رێکەوتنێک لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکێتیدا نییە، وتیشی، "چوارچێوەی هەماهەنگی پێشتریش هەوڵی داوە یەکێتی و پارتی لەسەر دۆخی عێراق و هەرێم رێککبکەون."
ئەوەشی خستەڕوو، پێشبینی ئەوە دەکەن گفتوگۆی نیشتیمانی نێوان لایەنە سیاسیەکانی
عێراق سوودی هەبێت لە چارەسەری ناوخۆیی عێراق و چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسیەکان.
باسی لەوەشکرد، لە پێشتر لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی
هەبووە و هەر کاتێک کۆبوونەوەی نوێ ئەنجام بدەن سەرجەم راگەیاندنەکان ئاگاداردەکەنەوە
و وتیشی، "لە ئێستادا لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوولا لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار
لە ئارادایە."
ئەوەشی ئاشکراکرد، گفتوگۆی ئەرێنی و بەردەوام لە نێوان یەکێتی و پارتیدا
هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە گفتوگۆی نیشتمانی لایەنە سیاسیەکانی عێراق
بەچی دەگات و بڕیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی چی دەبێت.
هەرێم کەمال ئاغا وتیشی، یەکێتی نیشتیمانی دەستدەگرێت بە پۆستی سەرۆک کۆمارەوە
و لە ئێستادا گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە و ئەو هەواڵانەی دەڵێن
یەکێتی دەستبەرداری پارێزگاری کەرکوک دەبێت بەرامبەر پۆستی سەرۆک کۆمار دوورن لە
راستیەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هەریەکە لە یەکێتی و پارتی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو
کۆدەبنەوە لەسەر پرسی کێشە ناوخۆیەکانی هەرێم و گلەییەکانی خەڵک لە حکومەتی هەرێمی
ئێستا.
دەشڵێت، "گفتوگۆکانمان لەسەر پرسی حکومەتی عێراق راگرتووە بەڵام بەردەوامین
لەسەر گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی هەرێم."