سەردێڕ:

سوید و فینلاند لەگەڵ تورکیا لەسەر چی رێککەوتن؟

AM:09:43:29/06/2022

11372 جار خوێندراوەتەوە

یانس ستۆڵتنبێرگی سکرتێری گشتی ناتۆ شەوی رابردوو رایگەیاند، تورکیا دەستبەرداری ڤیتۆکەی بووە لەبەرامبەر سوید و فیلاند و رێککەوتنێک لە نێوانیان واژووکراوە و دواتریش راگەیەندراوێکی سێقۆڵی هاوەبەشیان بڵاوکردەوە.


ئەمەش لەدوای ئەوە هات، کۆبوونەوەیەکی چوار قۆڵی لەنێوان یانس ستۆلتنبێرگ سکرتێرى گشتی ناتۆ و سائولى نینیستۆ سەرۆکۆمارى فینلاند و ماگدالینا ئاندرسۆن سەرۆکوەزیرانى سوید و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆمارى تورکیا کرا و دواتریش یاداشتنامەیەکیان واژووکرد.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی دەڵێت، بەگوێرەی یاداشتنامەکە، سووید و فینلاند قایلبوون و بەڵێنیان بە تورکیاداوە رێگریى له‌ چالاکییه‌کانى پارتی کرێکارانی کوردستان و سه‌رجه‌م رێکخراوه‌کانی دیکە بکەن کە تورکیا بە کاری تیرۆری لەقەڵەمیان دەدات و هەموو کەسێک پەیوەندیدار بێت بەو بابەتانەوە.

هاوکات، تورکیا داوای کردووە سوید و فینلاند ئیدانه‌ى هێرشى تیرۆریستیی سه‌رجه‌م ئه‌و رێکخراوه‌ تیرۆریستانه‌ بکەن که‌ له‌ به‌رامبه‌ر تورکیادا چالاکی ئەنجام دەدەن.

لەسەر هەردوو وڵاتەکە پێویستە، لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ چالاکییه‌کانى کۆکردنه‌وه‌ى پاره‌ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌ندام بۆ په‌که‌که‌ و سه‌رجه‌م پارت و رێکخراوەکانی دیکەیان بکەن و قەدەغەیان بکەن.

هەر بە گوێرەی ئاژانسەکە لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، فینلاند و سوید لە سۆنگەی به‌ڵگه‌ و زانیارییه‌ هه‌واڵگرییه‌کانى تورکیا، خێرا کار له‌سه‌ر دیپۆرتکردنى گومانلێکراوانى تیرۆر یان راده‌ستکردنه‌وه‌یان ده‌که‌ن.

"یاداشتنامەى سێقۆلى" ناوی ئەو یاداشتنامەیەیە کە لەنێوان سوید و فینلاند و تورکیا شەوی رابردوو ٢٨ی حوزەیران واژووکرا کە لە دواى کۆبوونەوە چوار قۆلییەکەى ناوەندى کۆنگرەى IFEMA لە مەدرید کە لوتکەى ناتۆى تێدا ئەنجامدەدرێت ئامادەکرابوو.

دواى واژۆکردنى "یاداشتنامەى سێقۆلى" نێوان تورکیا، سوید و فینلاند راگەیەندراوێکى سێقۆلیى هاوبەش بڵاوکرایەوە.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەدا، لەبارامبەر هەموو ئەوانەدا تورکیا پشتیوانی له‌ سیاسه‌تى ده‌رگاى کراوه‌ى ناتۆ ده‌کات و پشتیوانى خۆى له‌ لوتکه‌ى مه‌درید بۆ بانگهێستکردنی سوید و فینلاند بۆ ئه‌ندامێتى له‌ ناتۆ ده‌کات و تێیدا هاتووە: "فینلاند و سوید وه‌ک هاوپه‌یمانى داهاتووى ناتۆ، پشتیوانى له‌ په‌یه‌ده‌/یه‌په‌گه‌ و ئه‌و رێکخراوه‌ ناکه‌ن که‌ له‌ تورکیا به‌ فه‌تۆ ناسراوه‌".

باس لەوەشکراوە، سوید ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌کاته‌وه‌ که‌ له‌ ١ى ته‌مووزەوە یاسایه‌کى نوێ و کاریگه‌رترى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ده‌خاته‌ بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه‌. ئیتر تورکیا، فینلاند و سوید پشتڕاستى ئه‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ هیچ گه‌ماڕۆیه‌کى چه‌کى نیشتمانى له‌ نێوانیاندا نه‌ماوه‌.

ل.ل













گەلەری