ئەزموونی ئێندریک لە لیۆن کاریگەری لەسەر داهاتووی ماستانتونۆ و گارسیا درووست کردووە

PM:07:53:30/03/2026

148 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەزموونی ئێندریک لە لیۆن کاریگەری لەسەر داهاتووی ماستانتونۆ و گارسیا درووست کردووە.

کارگێڕی یانەی ریاڵ مەدرید سەرقاڵی داڕشتنی نەخشەی پێکهاتەی تیپەکەیانن بۆ وەرزی داهاتوو و لەو چوارچێوەیەشدا دەیانەوێت چارەنووسی چەند یاریزانێکی لاو یەکلا بکەنەوە کە بەهۆی بوونی ئەستێرەکانی وەک کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر و درەوشانەوەی ئیبراهیم دیاز هەلی یاریکردنیان کەم بووەتەوە.

فرانکۆ ماستانتۆنۆ ئەستێرە ئەرژەنتینییەکە کە لە سەردەمی چابی ئەلۆنسۆدا متمانەی پێ درابوو ئێستا لەژێر سەرپەرشتی ئالڤارۆ ئاربێلوا پێگەی خۆی لەدەست داوە و لە 11 یاری رابردوودا وەک یاریزانی سەرەکی بەشداری نەکردووە و ئەمەش وای کردووە یانە مەدریدییەکە بیر لەوە بکاتەوە بە شێوەی خواستن ڕەوانەی یانەیەکی ئەوروپی تری بکات تاوەکو گەشە بە تواناکانی بدات.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی بەرپرسانی ریاڵ مەدرید دەیانەوێت ئەزموونی سەرکەوتووی ئێندریک لەگەڵ یانەی لیۆنی فەڕەنسی بۆ ماستانتۆنۆ دووبارە بکەنەوە چونکە ئێندریک توانی لە فەڕەنسا تواناکانی خۆی بسەلمێنێت و بڕیاریشە لە هاوینی داهاتوودا بگەڕێتەوە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

ئەم گەڕانەوەیەی ئێندریک دۆخی گۆنزالۆ گارسیای گۆڵکاری کاستیا ئاڵۆزتر دەکات کە ئەویش لە سەردەمی ئاربێلوادا خولەکی کەمی بۆ یاریکردن پێ دراوە و کارگێڕی یانەکە ئامۆژگاری دەکەن کە ئەویش بە شێوەی خواستن یان فرۆشتن بە مەرجی کڕینەوە ڕوو لە یانەیەکی تر بکات تاوەکو کاروانی وەرزشیی خۆی رزگار بکات.

ئێستا پلانی مێرێنگی ئەوەیە کە ماستانتۆنۆ و گۆنزالۆ لە یانەیەکدا یاری بکەن کە بەشداریی بەردەوامیان مسۆگەر بێت بەبێ ئەوەی مافی فرۆشتنی هەمیشەییان هەبێت چونکە یانە شاهانەکە هێشتا بڕوایەکی تەواوی بە تواناکانیان هەیە و وەک بەشێک لە پڕۆژەی داهاتووی یانەکە سەیریان دەکات.