PM:10:27:31/03/2026
132 جار خوێندراوەتەوە
+
-
سانێ لەلایەن هاندەرانی ئەڵمانیاوە رەخنەی لێدەگیرێت و راهێنەر و
یاریزانانی هەڵبژاردەکەش پشتگیری دەکەن.
سەرەڕای سەرکەوتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەرانبەر غانا لە یارییەکی
دۆستانەدا کە شەوی دووشەممە لە یاریگای شتوتگارت بەڕێوەچوو، بەڵام هاوار و فیکەی
ناڕەزایەتی هاندەران بەرامبەر لیرۆی سانێ کەشی ئاهەنگگێڕانی تێکدا و بووە هۆی
تووڕەبوونی راهێنەر و یاریزانانی مانشافت.
لە خولەکی 78ی یارییەکەدا
کاتێک سانێ وەک جێگرەوەی نیک ڤۆڵتیمادە چووە ناو یاریگا، لە لایەن بەشێکی زۆری
هاندەرانی ئامادەبووەوە بە فیکەی ناڕەزایەتی پێشوازی لێ کرا، ئەمەش وای کرد یولیان
ناگلیسمانی راهێنەر دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا بۆ پێگەی فووت مێرکاتۆ بە توندی
بەرگری لە یاریزانەکەی بکات و رایبگەیەنێت کە زۆر نادادپەروەرانەیە پێش ئەوەی
یاریزانەکە پێی بە تۆپ بکەوێت فیکەی بۆ لێ بدرێت، چونکە ئەو یاریزانانە درێسی
نیشتمانییان پۆشیوە و شایستەی پشتگیری تەواون.
لە لایەکی ترەوە دینیز ئۆنداف، ئەستێرەی بە بنەچە کوردی یانەی شتوتگارت
و هەڵبژاردەکە، پاڵپشتی خۆی بۆ هاوڕێیەکەی دەربڕی و داوای لە هاندەران کرد وەک یەک
جەستە لە پشت هەڵبژاردەکەیان بوەستن.
ئۆنداف ئاماژەی بەوە کرد، لیرۆی سانێ بەشێکی گرنگی تیپی نیشتمانییە و
نابێت جیاکاری لە نێوان یاریزانەکاندا بکرێت، هیوای خواست لە یارییەکانی داهاتوودا
هاندەران ڕێز لە هەموو یاریزانەکان بگرن تاوەکو بە یەکگرتوویی بەرەو مۆندیال
هەنگاو بنێن.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە ناگلسمان
هەوڵ دەدات متمانەی هاندەران بۆ هەڵبژاردەکە بگێڕێتەوە، بەڵام ساردبوونی پەیوەندی
نێوان هەندێک لە ئەستێرەکان و هاندەران بووەتە جێگەی مەترسی بۆ داهاتووی تیپی
نیشتمانی ئەڵمانیا.