ریاڵ مەدرید چاوی لە گواستنەوەی یەکێک لە رۆدری یان ئینزۆ یاخود وارتۆنە

PM:02:45:30/03/2026

124 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید دەیەوێت هێڵی ناوەندی بەهێز بکات و چاوی لە گواستنەوەی یەکێک لە رۆدری یان ئینزۆ یاخود وارتۆنە.

بۆ چەندین ساڵ، سیانە ناوازەکەی کاسیمێرۆ، کرووس و مۆدریچ خاڵی بەهێزی هێڵی ناوەندی ریاڵ مەدرید بوون و وەک مۆتەکەیەک بۆ رکابەرەکانیان دەبینران، هەرچەندە ئێستا یاریزانی لاوی وەک کاماڤینگا، چوامینی، ئاردا گولەر و تیاگۆ بیتارچ هەوڵی وەرگرتنی پێشەنگایەتی دەدەن، بەڵام تا ئەم ساتە تەنها فیدی ڤالڤێردی وەک رکابەرێکی راستەقینەی ئەو سێ ئەفسانەیە دەردەکەوێت.

بەپێی راپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانیش، یانەی شاهانە بڕیاری داوە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستێکی گەورە ئەنجام بدات بۆ ئەوەی ئاستی ناوەندی تیپەکە بەرز بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، رۆدری یاریزانی مانچستەر سیتی کە تەمەنی 29 ساڵە، بژاردەی یەکەمی ریاڵ مەدریدە، گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی تا 2027ە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ ئیسپانیا دەکات، نرخی گواستنەوەکەشی بە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت.

رۆدری بەهۆی ئەزموونی پێشووی لە ڤیاڕیاڵ و ئەتلەتیکۆ مەدرید، شارەزایەکی تەواوی لە خولی ئیسپانی هەیە و دەتوانێت کاریگەری خێرا لەسەر تیپەکە دروست بکات.

دووەم بژاردەی یانەکە ئینزۆ فێرناندێزی یاریزانی 25 ساڵانی چێڵسی و پاڵەوانی جیهانە، هەرچەندە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە درێژخایەنە، بەڵام خۆی ئارەزووی گۆڕینی یانەکەی دەربڕیوە، بەڵام کێشەکە لەوەدایە نرخی گواستنەوەی لە 100 ملیۆن یۆرۆ زیاترە.

ئاسانترین بژاردەش بۆ ریاڵ مەدرید ئادەم وارتۆنی تەمەن 22 ساڵ و یاریزانی کریستاڵ پاڵاسە، ئەم یاریزانە ئینگلیزە ئارەزووی خۆی بۆ یاریکردن لە چامپیۆنز لیگ دەربڕیوە، چەندین یانەش چاویان لە گواستنەوەیەتی و خاوەن دیدگایەکی ورد و پێیەکی چەپی بەهێزە، بەڵام نرخی زۆرە و چاوەڕی دەکرێت یانەکەی بە کەمتر لە 50 ملیۆن پاوەند دەستبەرداری نەبێت.