ئەلۆنسۆ داوای گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ریاڵ مەدرید دەکات بۆ لیڤەرپوول

AM:11:25:30/03/2026

156 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەلۆنسۆ نزیکبووەتەوە لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی لیڤەرپوول و راستەوخۆ داوای گواستنەوەی گولەری کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی تۆڕی تیم تۆک، چابی ئەلۆنسۆ نزیكبووەتەوە لە وەرگرتنی ئەركی ڕاهێنەرایەتی یانەی لیڤەرپوول لە وەرزی داهاتوودا، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنجامەكانی یانەكە لەژێر دەستی ئارنی سڵۆت ڕووی لە خراپی كردووە.

ئەلۆنسۆ كە پێشتر ئەزموونێكی كورتی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید هەبوو، ئێستا وەک بژاردەی یەكەم بۆ شوێنگرتنەوەی سڵۆت دەبینرێت و چاوی لەوەیە شۆڕشێك لە پێكهاتەی ڕێدزدا بكات.

ڕاپۆرتەکە دووپاتیکردەوە کە ئەلۆنسۆ داوای لە كارگێڕی لیڤەرپوول كردووە ئاردا گولەر، ئەستێرە توركەكەی ڕیاڵ مەدرید، بگوازنەوە بۆ ئەنفیڵد، وەک جێگرەوەی سەرەكی بۆ محەمەد سەلاح کە بڕیارە لە هاوینی داهاتوودا یانەكە جێبهێڵێت. گولەر كە ئەم وەرزە زیاتر وەک دروستكەری یاری دەردەكەوێت، توانایەكی بەرزی هەیە بۆ یاریكردن لە باڵی ڕاستیش، ئەمەش وایكردووە ئەلۆنسۆ متمانەی تەواوی پێی هەبێت.

جگە لە گولەر، ڕاهێنەرە ئیسپانییەکە ئارەزووی گواستنەوەی مارك بۆبیل، بەرگریكاری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدیش دەكات بۆ بەهێزكردنی هێڵی دواوەی یانە ئینگلیزییەکە.