چەندین یانەی زلهێز کێبڕکێێ گواستنەوەی ئەستێرەکەی بەرشەلۆنە دەکەن

AM:09:12:30/03/2026

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

چەندین یانەی ئینگلیزی هاوشانی ئەتلەتیکۆ و ئینتەر میلان کێبڕکێی گواستنەوەی تۆرێس دەکەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ کە لە تۆڕ تیم تۆکەوە گواستوویەتییەوە، داهاتووی فێران تۆرێس، هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە، سەرنجی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپای ڕاکێشاوە.

هەرچەندە پێشتر ناوی تۆرێس بە یانەی ئەتلەتیکۆ مەدریدەوە بەسترابووەوە وەک جێگرەوەی داهاتووی ئەنتوان گریزمان، هەروەها ئینتەر میلانی ئیتالیش چاوی لە تواناکانی بوو، بەڵام ئێستا یانەکانی خولی ئینگلیزی بەهێزتر هاتوونەتە ناو کێبڕکێکەوە.

ڕاپۆرتەکە دووپاتیکردەوە کە یانەی مانچستەر یونایتد بە وردی چاودێری دۆخی فێران تۆرێس دەکات، وەک بژاردەیەک بۆ شوێنی جۆشوا زیرکزی ئەگەر ڕیزەکانی یانەکە جێبهێڵێت.

ئەم هەوڵەی یونایتد جیاوازە لە دۆسیەی مارکۆس ڕاشفۆرد کە ئێستا بە خواستن لە بەرشەلۆنەیە و مافی کڕینەوەی بە 30 ملیۆن یۆرۆ هەیە.

لە لایەکی تریشەوە، میکێل ئارتێتا، ڕاهێنەری ئارسناڵ، کە یەکێکە لە سەرسامە کۆنەکانی فێران تۆرێس، ئامادەیە گڵۆپی سەوز بۆ گواستنەوەی بۆ گەنەرز دابگیرسێنێت ئەگەر دەرفەت بێتە پێشەوە.

گرێبەستی فێران تۆرێس تا ساڵی 2027 بەردەوامە و بەرشەلۆنە هێشتا گفتوگۆی نوێکردنەوەی دەستپێنەکردووە، بەتایبەت کە ئاستی گۆڵ تۆمارکردنی یاریزانەکە لەم دواییانەدا پاشەکشەی کردووە.