ئینزۆ رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ریاڵ مەدرید کردبێت

PM:11:26:23/03/2026

192 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئینزۆ رەتیکردەوە هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ریاڵ مەدرید کردبێت و داهاتووشی دوای مۆندیال یەکلایدەکاتەوە.

داهاتووی ئینزۆ فێرناندێزی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی چێڵسی بووەتە جێگەی گومان و پرسیار دوای ئەوەی لێدوانێکی ناڕوونی سەبارەت بە مانەوەی لە یانە ئینگلیزییەکەدا دا و ئەمەش دوای ئەوە هات کە یانەی بڵوز بە ئەنجامێکی گەورە و بە کۆی هەشت گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لەسەر دەستی یانەی پاریس سان جێرمان لە چامپیۆنز لیگ کرایە دەرەوە.

ئینزۆ فێرناندێز لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە داهاتووی لەگەڵ چێڵسی تەنیا وتی نازانم و ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا سەرنجی لەسەر ئەو هەشت یارییەیە کە لە خولی ئینگلتەرا و جامی یەکێتی ماویانە و دوای ئەوەش چاوەڕێی یارییەکانی مۆندیال دەکات تاوەکو بزانێت چی ڕوودەدات.

هەرچەندە دەنگۆیەکی زۆر هەیە کە یانەی ریاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمان ئارەزووی کڕینی ئەم ئەستێرە ئەرژەنتینییە دەکەن بەڵام ئینزۆ لە کاتی گەیشتنی بۆ وڵاتەکەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ڕایگەیاند کە تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لەگەڵ یانەی ڕیاڵ مەدرید نییە و هەموو بڕیارەکان بۆ دوای مۆندیال دەمێننەوە.

ئەم یاریزانە کە یەکێک بوو لە پاڵەوانەکانی مۆندیالی 2022 لە مانگی یەکی 2023ەوە پەیوەندی بە چێڵسییەوە کردووە و گرێبەستێکی درێژخایەنی تا ساڵی 2032 لەگەڵ یانە لەندەنییەکەدا هەیە بەڵام ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی چێڵسی وای کردووە بیر لە گۆڕینی یانەکەی بکاتەوە.