رۆناڵدۆ یاریزانێکی پورتوگالی بۆ ئەلمیریا دەگوازێتەوە

PM:05:38:16/03/2026

216 جار خوێندراوەتەوە

+ -

رۆناڵدۆ دەیەوێت ریزەکانی ئەلمیریا رێکبخاتەوە و چاوی لەوەیە گۆنسالڤیسی لاوی سپۆرتینگ بۆ یانەکە بگوازێتەوە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعوودی دوای ئەوەی بە ڕێژەی بیست و پێنج لە سەدا بووە یەکێک لە خاوەن پشکەکانی یانەی ئەلمێریای ئیسپانی دەستی کردووە بە داڕشتنی پلانی داهاتوو بۆ ئەو یانەیە و یەکەم ئامانجی خۆی بۆ بازاڕی گواستنەوەی هاوینە دیاری کردووە.

بەپێی هەواڵێکی پێگەی فیچاخێسی ئیسپانی ڕۆناڵدۆ چاوی بڕیوەتە گواستنەوەی فلاڤیۆ گۆنسالڤیسی تەمەن 18 ساڵ کە یەکێکە لە بەهرەمەندە درەوشاوەکانی هێڵی ناوەندی هێرشبەری یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی.

ئەو یاریزانە گەنجە لەم وەرزەدا لەگەڵ تیپی دووەمی یانەکەی لە هەژدە یاریدا شەش گۆڵی تۆمار کردووە و ئەسیستێکی هەبووە و تەنانەت دوو یاری فەرمیشی بۆ تیپی یەکەمی سپۆرتینگ ئەنجام داوە.

ئێستاش کارگێڕی ئەلمێریا بە راسپاردەی رۆناڵدۆ دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە مەرجەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ئەوەی پێش یانە گەورەکانی تری ئەورووپا و پێش بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕدا گرێبەستەکەی لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلا بکەنەوە.