شارێک دیکە لە میواندارییکردنی مۆندیالی کشایەوە

PM:02:14:16/03/2026

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

شاری لاکارۆنیا لە میواندارییکردنی مۆندیالی 2030 کشایەوە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی فیفا لە یاریگاکەیان.

پرۆژەی هاوبەشی ئیسپانیا، پورتوگال و مەغریب بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 تووشی پاشەکشە بووە و شاری لا کۆرۆنیا بە فەرمی وەک دووەم شاری ئیسپانی لە لیستەکە چووە دەرەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، دوای هەشت مانگ لە کشانەوەی شاری مالاگا، ئێستا شاری لا کۆرۆنیاش هەمان ڕێگەی گرتەبەر، هۆکاری سەرەکی ئەم کشانەوەیەش دەگەڕێتەوە بۆ شکستهێنانی شارەکە لە دابینکردنی مەرجە توندەکانی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی، واتە، فیفا، بەتایبەت لە پرسی نۆژەنکردنەوە و زیادکردنی قەبارەی کورسی یاریگای ڕیازۆر.

فیفا مەرجی داناوە کە دەبێت هەر یاریگایەک میوانداری یارییەکانی مۆندیال بکات، لانی کەم جێگەی 40 هەزار هاندەری تێدا ببێتەوە، بەڵام یاریگای ڕیازۆر تەنها جێگەی 32 هەزار و 471 هاندەر دەبێتەوە و شارەوانی شارەکەش نەیتوانیوە بودجە و پلانی پێویست بۆ گەورەکردنی یاریگاکە جێبەجێ بکات.

بڕیارە سەرۆکی شارەوانی لا کۆرۆنیا و سەرۆکی یانەی دیپۆرتیڤۆ لا کۆرۆنیا ڕێککەوتننامەیەکی نوێ واژۆ بکەن، بەڵام نەک بۆ مۆندیال، بەڵکو تەنها بۆ نۆژەنکردنەوەیەکی ئاسایی یاریگاکە، ئەمەش دوای ئەوەی دڵنیابوونەوە لەوەی ناتوانن بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی لیژنەی فیفا لە 18 ئەم مانگەدا، مەرجەکان جێبەجێ بکەن.