فلیک: هەموو شتێک نموونەیی نەبوو

AM:12:17:16/03/2026

200 جار خوێندراوەتەوە

+ -

فلیک جەختیکردەوە هەموو شتێک نموونەیی نەبووە و دەبێت لە یارییەکانی داهاتوودا باشتر بن.

هانسی فلیک، راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە، دوای سەرکەوتنە گەورەکەی تیپەکەی بەرامبەر سێڤییا و قایمترکردنی پێگەیان لە پێشەنگی لالیگا بە 70 خاڵ، دڵخۆشیی خۆی بە ئەنجامەکە دەربڕی، بەڵام جەختی لەوەش کردەوە کە هێشتا لایەنی نەرێنی لە ئاستی تیپەکەیدا هەیە.

فلیک ئاماژەی بەوە کرد کە هەرچەندە پێنج گۆڵیان تۆمار کردووە، بەڵام شێوازی پەستانخستنە سەر ڕکابەر و خێرایی یارییەکە لە هەندێک کاتدا وەک پێویست نەبووە و دەبێت بۆ یارییەکانی داهاتوو، بەتایبەت بەرامبەر نیوکاسڵ، بە خێراییەکی زیاتر یاری بکەن.

راهێنەرە ئەڵمانییەکە خۆشحاڵیی زۆری خۆی بۆ گەڕانەوەی گاڤی بۆ نێو یاریگا دەربڕی و بە ساتێکی تایبەت وەسفی کرد.

سەبارەت بە جواو کانسێلۆ، رایگەیاند کە یاریزانەکە هێشتا پێویستی بە کاتی زیاترە بۆ خۆگونجاندن، هەرچەندە لەم یارییەدا بەهۆی تەکنیکە بەرزەکەیەوە دوو لێدانی سزای بۆ تیمەکە بەدەستهێنا.

هەروەها دەربارەی پێدری وتی کە بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خولەکەکانی یاریکردنی دەکەن تاوەکو لە پێکان بەدوور بێت و هەنگاو بە هەنگاو بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی.

لە کۆتاییدا فلیک جەختی کردەوە کە هەفتەیەکی یەکجار گرنگیان لەپێشە و دەبێت باشترین ئاستی خۆیان پێشکەش بکەن.