بەرشەلۆنە گواستنەوەی دوو لاوی یەکلایکردووەتەوە

PM:06:36:25/01/2026

312 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە لەسەر گواستنەوەی دوو یاریزانی لاو رێککەوتووە و دەیەوێت بنەچەی تیپەکەی بەهێزتر بکات.

یانەی بەرشەلۆنە لە چوارچێوەی پلانی بەهێزکردنی تیمی دووەم و وەبەرهێنان لە بەهرەمەندە ئایندەدارەکاندا، نزیکە لە گواستنەوەی هەردوو یاریزان پاتریسیۆ پاسیفیکۆ و حەمزە عەبدولکەریم بۆ ڕیزەکانی.

پاتریسیۆ پاسیفیکۆ، بەرگریکاری تەمەن 19 ساڵی ئۆرۆگوایی لە یانەی دیفێنسۆر سپۆرتینگەوە، بە گرێبەستێکی خواستن تا کۆتایی وەرز و بە مافی کڕینیەوە پەیوەندی بە بلوگراناوە دەکات؛ ئەم یاریزانە کە بە باڵا بەرزی و توانای یاریکردن لە هێڵی بەرگری و باڵی چەپ ناسراوە، یەکێک بووە لە درەوشاوەترین یاریزانانی تیپی لاوانی ئۆرۆگوای لە ساڵی 2025 و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بە فەرمی گرێبەستەکەی واژۆ بکات.

هاوکات، بارشا سەرکەوتوو بووە لە گواستنەوەی حەمزە عەبدولکەریم، هێرشبەری تەمەن 18 ساڵی یانەی ئەهلی میسری، کە سەرەڕای گرنگیپێدانی یانە گەورەکانی وەک بایرن میونشن، بەرشەلۆنەی هەڵبژارد.

ئەم هێرشبەرە لاوە کە لە مۆندیالی خوار 17 ساڵان لە قەتەر ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەش کرد، بە بڕی سێ ملیۆن یۆرۆ و بە مەرجی زیادبوون بۆ پێنج ملیۆن یۆرۆ دەچێتە بارشا ئەتلەتیک.

ئەم هەنگاوانەی یانەکە لە بازاڕی زستانەدا، ئاماژەیەکی ڕوونن بۆ ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێ بۆ تیپی یەکەم، بەو پێیەی هەردوو یاریزانەکە بە توانای جەستەیی و تەکنیکی بەرز ناسراون و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا جێپەنجەی خۆیان لە یاریگاکانی ئیسپانیا دیاری بکەن.