سێ یانەی ئەمریکی لیڤاندۆڤسکی ان دەوێت

PM:11:00:25/01/2026

212 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئەگەری زۆرە لیڤاندۆڤسکی بەرشەلۆنە بەجێبهێڵێت و سێ یانەی ئەمریکیش هەوڵی گواستنەوەی دەدەن.

سەرەڕای ئەوەی وەرزی 2025 بۆ 2026 هێشتا بەردەوامە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە رۆژانی رۆبەرت لێڤاندۆڤسکی لەگەڵ بەرشەلۆنە بەرەو کۆتایی دەچن.

فلۆریان پلاتنبێرگ، پەیامنێری سکای سپۆرت، ئاشکرای کردووە کە ئەم هێرشبەرە تەمەن 37 ساڵە پلانی نییە لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوام بێت و بە رژدی بیر لە گواستنەوە بۆ خولی ئەمریکی دەکاتەوە، بە تایبەت کە گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوودا کۆتایی دێت.

یانەی شیکاگۆ فایەر وەک بەهێزترین بەربژێر بۆ گواستنەوەی لیڤا دەردەکەوێت، چونکە بوونی زیاتر لە 700 هەزار کەسی بە رەگەز پۆڵەندی لە شیکاگۆ، وای کردووە ئەم شارە ببێتە ژینگەیەکی نموونەیی بۆ لێڤاندۆڤسکی، هەرچەندە شیکاگۆ هێرشبەرێکی وەک هوگۆ کویپرسی هەیە، بەڵام لایەنی بازرگانی و جەماوەریی لێڤاندۆڤسکی دەتوانێت گۆڕانکاری گەورە لە یانەکەدا دروست بکات.

جگە لە شیکاگۆ، یانەی لۆس ئەنجلس ئێف سی وەک خوازیارێکی لیڤا ناوی دەهێنرێت، بەڵام ئەو یانەیە دوای ئەزموونە شکستخواردووەکەی ئۆلیڤیێر جیرۆ، کەمێک بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەی ئەستێرە بەتەمەنەکانی ئەوروپا دەکات.

لە لایەکی ترەوە، سپۆرتینگ کانزاس سیتی کە خەریکی شۆڕشێکی کارگێڕی و داراییە، دەیەوێت بە گواستنەوەی هێرشبەرە پۆڵەندییەکە، پڕۆژە نوێیەکەی خۆی بە جیهان بناسێنێت.